
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا کە ئاماژەیە بۆ دروستبوونی هاوپەیمانییەکی نوێ لە گۆڕەپانی سوریادا، چیا کۆبانی، فەرماندەی سەربازی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، وەک جێگری فەرماندەی فیرقەی ٦٠ ی سوپای سوریا دەستنیشانکرا.
ئەم فیرقەیە کە ئەرکی پاراستنی ناوچەکانی حەسەکە و حەلەبی پێسپێردراوە، لەلایەن "عەواد جاسم" ناسراو بە (ئەبو قتەیبە) فەرماندەیی دەکرێت کە پێشتر یەکێک بووە لە سەرکردە دیارەکانی دەستەی تەحریری شام.
پێکهاتەی فیرقەکە تێکەڵەیەکە لە گروپە جیاوازەکانی وەک سوپای نیشتمانی، بەرەی شام، جەیشولئیسلام، ئەحرار شام و گروپە چەکدارەکانی ئیدلب، ئەمەش وای کردووە فیرقەکە ببێتە یەکێک لە ئاڵۆزترین یەکە سەربازییەکانی ئێستای سوریا.