
ئێوارەی سێشەممە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاریدا، بەهۆی نالەباری کەشوهەوای ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، دەوامی فەرمی خوێندن لەسەرجەم پارێزگاکان ڕابگرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایگەیاند" ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی وەزارەت، فەرمانی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی گشتی لە سەرجەم پارێزگاکان کردووە، دەوامی فەرمی ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا ڕابگرن".
وەزیرەکە دیاریکرد کە پێویستە ڕۆژەکان و بەشەکانی تری مەنهەج لە ڕۆژانی شەممەی داهاتوودا پێکبهێنرێت.
هەروەها حکومەتە خۆجێییەکان لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، واست، دی قەر، نەینەوا، میسان، بابل و ئەنبار، دەوامی فەرمیان بۆ قوتابخانە و زانکۆکان لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ڕاگرت بەهۆی نالەباری کەشوهەوا.
ماوەی چەند ڕۆژێکە عێراق ڕووبەڕووی دابەزینی پلەکانی گەرما و بارانبارینی بەخوڕ بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە زۆرێک لە پارێزگاکان و زیانی ماددی بە ژێرخانی ئابووری و هەروەها دابڕانی هەندێک گوند و ناوچەکان.