
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا هۆشداری دەدات لە تێکچوونی زیاتری ڕەوشی کارکردنی میدیاکاران لە ئێران. بەپێی زانیارییەکانی فیدراسیۆنەکە، پاش خۆپێشاندانەکانی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو و هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە تاران، گوشارەکان بۆ سەر میدیای سەربەخۆ گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تەنها لەم ماوەیەدا حەوت ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون و زۆربەی دەزگا میدیاییە سەربەخۆکان داخراون، یان ناچارکراون تەنها گوتاری فەرمیی حکومەت بڵاوبکەنەوە. هاوکات پچڕانی ئینتەرنێت کە ئەمڕۆ چووە ٢٦ەمین ڕۆژیەوە، ڕێگرێکی سەرەکییە لەبەردەم ڕووماڵکردنی ڕاستگۆیانەی ڕووداوەکان و میدیاکارانی ڕووبەڕووی هەڕەشەی جددیی دەزگا هەواڵگری و دادوەرییەکان کردووەتەوە.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان بە توندی سەرکۆنەی ئەم هەڵمەتی دەستگیرکردنانە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم جۆرە ڕەفتارانە نیشانەی سیستماتیکی بێدەنگکردنی میدیان. فیدراسیۆنەکە جەخت دەکاتەوە کە لە ئێستادا ئازادیی ڕادەربڕین و دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە باوەڕپێکراوەکان لە ئێراندا، لە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایه.