ژمارەیەک لە کۆمارییە باڵاکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا هەڵمەتێکی توندی ڕەخنەیان دژی ئەو ڕێککەوتنە دەستپێکردوە کە ئێستا لە نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئێراندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، و هۆشدارییاندا کە ڕەنگە ئەم سازشە ببێتە هۆی لاوازکردنی ئامانجەکانی هەڵمەتە سەربازییە ئەمریکی-ئیسرائیلییەکەی دوایی دژی تاران، و پێگەیەکی هەرێمی بەهێزتر بداتە ئێران دوای چەند مانگێک لە ڕوبەڕوبونەوە.

سیناتۆر ڕۆجەر ویکەر، سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی پیران،  ئاگربەستە پێشنیارکراوە 60 ڕۆژییەکەی بە "کارەسات" ناوبرد و پێیوابو کە لەسەر بنەمایەکی ناڕاستەقینە دامەزراوە کە گوایە ئێران بە نیازپاکی گفتوگۆ دەکات. ئەو وتی، ڕێککەوتنەکە دەستکەوتە سەربازییەکانی سێ مانگی ڕابردو "بێبایەخ" دەکاتە، هەروەها وێنەیەکی لاوازی هەڵوێستی ئەمریکا نیشاندەدات.

لە لایەکی ترەوە، سیناتۆر لیندسی گراهام، یەکێک لە هاوپەیمانە دیارەکانی ترەمپ و لایەنگرانی سیاسەتی فشار خستنەسەر ئێران، گومانێکی قوڵی بەرامبەر ڕێککەوتنەکە نیشاندا و جەختی کردەوە کە گەیشتن بە سازشێک بەهۆی نەتوانینی پاراستنی تەواوەتی گەروی هورمز لە هەڕەشەکانی ئێران، تاران وەک هێزی باڵادەست لە ناوچەکەدا نیشاندەدات.

هەروەها سیناتۆر تۆم تالیس ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکە بەو شێوەیەی کە بڵاوکراوەتەوە ڕاگەیاند، و ئاماژەی بەوەکرد کە ناتوانێت پشتگیری لە هیچ لێکتێگەیشتنێک بکات کە ڕێگە بدات ماددە ئەتۆمییەکان لە ناو ئێراندا بمێننەوە. لەم هەڵوێستەدا پشتگیری لە مایکل پۆمپیۆ، وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمریکا کرد کە پێی وایە ڕێککەوتنەکە لەناوبردنی یەکجاریی تواناکانی ئێرانی تێدا نییە.

ژمارەیەکی تری کۆمارییەکان، لەوانە سیناتۆر تۆم کۆتۆن و تێد کروز، لە ڕۆژانی ڕابردودا ڕەخنەی هاوشێوەیان گرت و جەختیان کردەوە کە هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی دەبێت هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی تواناکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، و چارەسەرکردنی بەرنامەی موشەکە بالیستییەکانی و کۆتاییهێنان بە پشتگیریکردنی گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە لەخۆ بگرێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا