
بەهۆی گرژی نێوان ئەمەریكا و كوبا بەتایبەت هەڕەشەكانی ترەمپ، سوپا خۆی بۆ ئەگەری شەڕ ئامادە دەكات و قسەكانی سەرۆكی ئەمەریكا بەهەند وەردەگرێت.
کارلۆس فێرناندێز، جێگری وەزیری دەرەوەی کوبا، ڕۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "ئێن بی سی" وتی، "سوپاکەمان هەمیشە ئامادەیە، و لە ڕاستیدا ئەم ڕۆژانە خۆی بۆ ئەگەری دەستدرێژییەکی سەربازی ئامادە دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "ساویلکانە" دەبێت ئەگەر سەرکردەکانی کوبا ئەگەری هەڵگیرسانی ململانێ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکان پشتگوێ بخەن، و وتی، "بەڵام ئێمە بەڕاستی هیواداریین ئەوە ڕو نەدات".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ماوەیەک لەمەوبەر ئاماژەی بە ئەگەری "کۆنترۆڵکردنی" کوبا کردبو، ئەو دورگەیەی کە لەلایەن ڕژێمێکی سۆشیالیستەوە بەڕێوە دەبرێت.
لە بەرامبەردا، فێرناندێز وتی، "بە ڕاشکاوی، نازانین باسی چی دەکەن، بەڵام دەتوانم ئەمە بڵێم: کوبا دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە"، و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی "قبوڵی ناکات ببێتە دەوڵەتێکی پاشکۆ یان ژێردەستە".
پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و هاڤانا لە دوای شۆڕشی کوبا لە ساڵی 1959 بە ڕێبەرایەتی فیدێل کاسترۆ گرژییان تێدایە، و دۆخەکە لە ماوەی خولی دوەمی ترەمپدا زیاتر تێکچو.
هەروەها گەمارۆی نەوتی ئەمریکا قەیرانی ئابوری و مرۆیی لە کوبا خراپتر کردوە، لەگەڵ ساڵانێک لە خراپیی بەڕێوەبردن و گەندەڵی.
سەرەڕای گرژییەکان، واشنتن و هاڤانا گفتوگۆی ڕانەگەیەندراو ئەنجام دەدەن، بەڵام فێرناندێز ڕەتی کردەوە کات و شوێنی کۆتا کۆبونەوەی نێوان هەردولا ئاشکرا بکات.