ئاژانسی هرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی ڕابردووی توندبوونەوەی گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا، نزیکەی ١٢٠ کەس لە عێراق گیانیان لەدەستداوە، کە لە نێوانیاندا ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە هەن. 
ئەم ئامارە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ زەمینەسازیی ئاشتییەکی هەمیشەیی، ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی هرانا کە پشتئەستوورە بە سەرچاوە تەندروستییەکانی عێراق، لە سەرەتای هەڵگیرسانی ئەم جەنگەوە لانیکەم ١١٧ کەس کوژراون. قوربانییەکان بریتین لە هاووڵاتیانی مەدەنی، چەکدارانی حەشدی شەعبی، سەربازانی سوپا، کارمەندانی پۆلیس و هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان.
هاوکات ئاژانسەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی یەکێک لە بەندەرە عێراقییەکانەوە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر تانکەرە نەوتەکانی نزیک بەندەرەکە، کارمەندێکی بیانیی تیمی کەشتیوانی کوژراوە.

وتاری نووسەران