شەرع دەترسێت دوای نەمانی مەترسیی ئێران، ئەمریکا وەک هێزێکی بەسەرچوو سەیریان بکات


ڕێگای کوردستان


چاودێرانی سیاسی ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی کتوپڕ و بەرچاو دەکەن لە هەڵوێست و جوڵە سەربازییەکانی ئەحمەد شەرع و هێزەکانی. 
لە کاتێکدا تا ماوەیەکی کەم پێش ئێستا، ئەم هێزانە لەوپەڕی دڕندەییدا بوون بۆ پەلاماردانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و تێکدانی ئارامیی ڕۆژئاوای کوردستان، هاوکات زمانی هەڕەشەکانیان سنووری سوریای تێپەڕاندبوو.
پێشتر، هێزەکانی شەرع بە ئاشکرا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر عێراق و پێکدادان لەگەڵ حەشدی شەعبییان دەکرد، تەنانەت دروشمی داگیرکردنی نەجەف و کەربەلایان وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندەی تائیفی بەکاردەهێنا. 
بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی نوێی ململانێکان و هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ناوچەکە، ئەم هێزە بە تەواوی کڕ و کپ بووە.
چاودێران و شرۆڤەکاران دەڵێن ، ئەحمەد شەرع تووشی جۆرێک لە دڵەڕاوکێی سیاسی بووە، لێکدانەوەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەم هێزانە دەزانن بەشێکی گەورەی پاساوی مانەوە و پشتگیریکردنیان بە ناڕاستەوخۆ پەیوەست بووە بە بوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا. 
ترسی گەورەی ئەحمەد شەرع لەوەدایە کە ئەگەر ئێران لاواز بکرێت یان ڕژێمەکەی بڕوخێت، ئەوا کارتی هێزی بەرهەڵستکار دژی ئێران لای ئەمریکا بەسەردەچێت. 
چاودێران دەڵێن شەرع دەترسێت دوای نەمانی مەترسیی ئێران، ئەمریکا وەک هێزێکی بەسەرچوو سەیریان بکات و  پەراوێز بخرێن، یان بکرێنە قوربانیی ڕێککەوتنە نوێیەکانی ناوچەکە، هەر بۆیە لەم کاتە هەستیارەدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە تا چارەنووسی ئێران ڕوون دەبێتەوە.

وتاری نووسەران