
دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سێ بنکەی جیاوازی هێزەکانیان لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا کراونەتە ئامانج.
بەپێی بەیاننامەکە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا دوو چەکداریان کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوونە.
لە بەیاننامەکەی دەستەی حەشدی شەعبیدا هاتووە، هێرشی یەکەم کراوەتە سەر لیوای شەش لە قەزای بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، کە بووەتە هۆی برینداربوونی سێ چەکدار و باری تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە.
لە شوێنی دووەمدا، خاڵێکی سەربازیی لیوای ٣١ لە نزیک فڕۆکەخانەی سینیە کراوەتە ئامانج، لەم هێرشەدا چەکدارێکیان کوژراوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوونە. حەشدی شەعبی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە لەکاتێکدا تیمەکانی ئەمبوڵانس و فریاکەوتن بەرەو شوێنی ڕووداوەکە ڕۆیشتوون لەلایەن فڕۆکەکانەوە کراونەتە ئامانج.
سەبارەت بە هێرشی سێیەم، بەیاننامەکە ڕوونی کردووەتەوە کە فەوجی چوار لە لیوای ٣٠ لە ناوچەی دەشتی نەینەوا کراوەتە ئامانج و لەوێشدا چەکدارێکی تریان کوژراوە و دووانی دیکەش بریندار بوونە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامییان هەیە و بنکە و بارەگای گروپە چەکدارەکان لە ناوخۆی عێراقدا چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی بوونەتەوە.