
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە نوێترین ئاماریدا ئاشکرای کرد، لە مانگی شوباتی رابردوودا نزیکەی ٣٠ هەزار پرۆسەی هاوسەرگیری لە بەرامبەر زیاتر لە ٦ هەزار حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون، هاوکات تیشک دەخاتە سەر جیاوازیی ئەو رێژانە لە نێوان پارێزگاکانی عێراقدا.
بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری گەیشتووەتە ٢٨ هەزار و ٤٧٩ گرێبەست، لە کاتێکدا دادگاکان ٦ هەزار و ١٥١ داوای جیابوونەوەیان پێگەیشتووە.
بەپێی ئامارەکە، بەغدا هەردوو دیوی (کەرخ و رەسافە)، لە پلەی یەکەمدا دێت بە تۆمارکردنی ٧ هەزار و ٥٣٣ گرێبەستی هاوسەرگیری و ٢ هەزار و ٤٢٥ حاڵەتی جیابوونەوە.
پارێزگای نەینەوا لە رووی خواست لەسەر هاوسەرگیری لە پلەی دووەمدا دێت بە ٢ هەزار و ٩٦٨ گرێبەست، لەگەڵ تۆمارکردنی ٤١٧ حاڵەتی جیابوونەوە.
پارێزگای بەسرە بە پلەی سێیەم دێت، کە ٢ هەزار و ٣٠٣ گرێبەستی هاوسەرگیری و ٥٣٩ حاڵەتی جیابوونەوەی تێدا تۆمارکراوە، کە ئەمەش بەرزترین رێژەیە لە پارێزگاکانی باشووردا.
پارێزگای بابل جێگیرییەک لە رێژەکانیدا بەدی کراوە بە تۆمارکردنی ٢ هەزار و ١٢ گرێبەستی هاوسەرگیری و ٢١٧ حاڵەتی جیابوونەوە.
بەڵام لە دادگاکانی پارێزگای واست نزمترین رێژەی جیابوونەوە تۆمارکراوە کە تەنها ١٠٢ حاڵەت بووە.
لە پارێزگای موسەنناش کەمترین ژمارەی گرێبەستی هاوسەرگیری تێدا تۆمارکراوە کە ٦٦٦ گرێبەست بووە.
هەردوو پارێزگای نەجەف و کەربەلا ئاماری لێک نزیکیان لە گرێبەستەکانی هاوسەرگیریدا تۆمارکردووە، بەجۆرێک ١٥٧٨ گرێبەست لە نەجەف و ١٣١١ گرێبەست لە کەربەلا تۆمارکراوە.