
ئەمڕۆ دووشەممە ڕاپۆرتێک لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراوی ناحکومییەوە بڵاوکرایەوە، ئاشکرای کردووە کە ملیۆنان کەس لە سوودان تەنیا یەک ژەم نان لە ڕۆژێکدا دەخۆن ، ئەمەش لە کاتێکدایە قەیرانی خۆراک لە وڵاتەکەدا قووڵتر دەبێتەوە و مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی برسییەتی ڕوو لە زیادبوونە.
ئەو جەنگەی لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ئارادایە، کە ڕۆژی چوارشەممە دەچێتە ساڵی سێیەمییەوە، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی برسییەتی و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، و یەکێک لە گەورەترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهانی لێکەوتووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لەو دوو ناوچەیەی کە زۆرترین زیانی جەنگیان بەرکەوتووە – باکووری دارفور و باشووری کوردۆفان – ملیۆنان خێزان تەنیا یەک ژەم نان لە ڕۆژێکدا دەخۆن.