ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئێرانییەوە ئاشکرای کرد، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، دەسەڵاتی تەواوی بە محەمەد باقر قالیباف داوە بۆ ئەنجامدانی وتووێژی یەکلاکەرەوە لەگەڵ ئەمریکا لە پاکستان.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، شاندە ٧٠ کەسییەکەی تاران لە ئیسلام ئاباد پێویستیان بە گەڕانەوە بۆ تاران نییە بۆ بڕیاردان و دەسەڵاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنیان پێدراوە.
شاندەکە کە لە پسپۆڕانی دارایی، سەربازی و یاسایی پێکدێت، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پاکستان و نوێنەرانی ئەمریکا کۆببنەوە، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە بریتین لە، هەڵگرتنی سزاکان، دۆسیەی ئەتۆمی، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەکەدا.
شارەزایان پێیان وایە قەبارەی شاندەکە و پێدانی دەسەڵاتی تەواو بە قالیباف، ئاماژەیە بۆ بوونی کۆدەنگی لە تاران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و نیشانەی جددییەتی ئێرانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، نەک تەنها تاقیکردنەوەی بارودۆخەکە.

وتاری نووسەران