ڕێگای کوردستان
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یەکەم هەنگاو بەرەو تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ دەنێت و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ ئەنجام دەدات. سەرەڕای ئەوەی ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەی سەربازی دەبینرێت، بەڵام تێپەڕاندنی لە ناو هۆڵی پەرلەمان کارێکی ئاسان نابێت.
گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەم پڕۆژەیەدا لایەنی داراییە، چونکە گەڕانەوەی سەربازیی زۆرەملێ پێویستی بە بودجەیەکی زەبەلاح و خەیاڵی هەیە بۆ دابینکردنی مووچە و مەشق و پێداویستییە لۆجستییەکان. 
عێراق لە ئێستادا لەژێر باری قەرزە کەڵەکەبووەکان و دابەزینی داهاتی گشتی و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوەکاندا دەناڵێنێت، ئەمەش وای کردووە تەرخانکردنی بڕە پارەیەکی وەها لە توانای فعلیی حکومەتدا نەبێت.
چاودێران پێیان وایە، بەهۆی ئەم تەنگژە ئابوورییانە و نەبوونی ژێرخانێکی گونجاو بۆ حەواندنەوەی هەزاران سەرباز، ئەستەمە پڕۆژەکە بە ئاسانی تێپەڕێت. 
لە کاتێکدا وڵات پێویستی بە چاکسازیی ئابووری هەیە، زیادکردنی خەرجییەکی وەها گەورە دەبێتە بارگرانییەکی تر بۆ سەر شانی دەوڵەت و داهاتووی یاساکە دەخاتە تەمومژەوە.

وتاری نووسەران