
دوای گەڕانەوەی لە دانووستانەكان محەمەد باقر قالیباف رایگەیاند: هەڕەشەكانی ئەمەریكا گەلی ئێران ناترسێنێ و ئەگەر ئەمەریكا جەنگی دەوێ ئامادەین.
جەختیشی کردەوە کە ئەگەر ئەمریکا جەنگی بوێت ئەوا ئێران ئامادەی جەنگە و ئەگەر بە لۆژیکیش بێنە پێشەوە ئەوا بە لۆژیک وەڵامیان دەدرێتەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، شاندەکەیان لە ئیسلام ئاباد بە دیدێکی گشتگیر و چەندین دەسپێشخەریی باشەوە بۆ نیشاندانی نیازپاکی بەشدارییان کردووە، بەڵام دووپاتی کردەوە کە تاران متمانەی بە ئەمریکییەکان نییە چونکە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا دوو جار لە نێوەندی دانوستانەکاندا هێرشیان کردووەتە سەر ئێران، بۆیە ئێستا ئەرکی واشنتنە کە متمانەی گەلی ئێران بەدەست بهێنێتەوە و قەرەبووی ڕابردوو بکاتەوە هەرچەندە ئەمە کارێکی سەخت و کاتبەره.
قالیباف باسی لەوەش کرد کە جیهان بینیویەتی دوژمنانی ئێران گەیشتوونەتە چ بێئومێدییەک و تاران بە هەموان نیشان دەدات کە ناتوانرێت ئیرادەی گەلی ئێران بشکێنرێت، هۆشداریشی دا بە ئەمریکا کە ئەگەر دەیانەوێت پەنجەرەیەکی چوونە دەرەوە لەم قەیرانە بۆ خۆیان بدۆزنەوە، تەنیا ڕێگە ئەوەیە بڕیاری دروست بدەن و متمانەی ئێران بەدەست بهێننەوە، ئەگەرنا تاقیکردنەوەی دووبارەی ئیرادەی ئێران وانەیەکی گەورەتریان پێ دەدات.