​بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا ڕایانگەیاند، پێشبینی دەکرێت وڵات ڕووبەڕووی یەکێک لە سەختترین وەرزەکانی هاوین ببێتەوە، بەجۆرێک پێشبینی دەکرێت کورتهێنان لە بەرهەمهێنانی وزەدا بگاتە زیاتر لە 30 هەزار مێگاوات.
​لیژنەی کارەبا و وزە لە پەرلەمانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کۆبوونەوەیەکدا لە بارەگای وەزارەتی کارەبا بۆ بەدواداچوونی دۆخی وزە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی کارەبا لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی گەرما، دەرکەوتووە کە ڕێژەی کورتهێنان لە دابینکردنی کارەبا بۆ هاوینی داهاتوو دەگاتە زیاتر لە 30 هەزار مێگاوات. ئەمەش بەردەوامی ئەو قەیرانە نیشان دەدات کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە وڵات پێوەی دەناڵێنێت، بەتایبەت لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا لە کاتی گەرمای زۆردا.
​لیژنەکە ڕوونیشی کردەوە کە بەرهەمهێنانی پێشبینیکراو لە نێوان 27 بۆ 29 هەزار مێگاوات دەبێت، لە کاتێکدا پێویستی وڵات بۆ وزە 60 هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورە لە نێوان بەرهەمهێنان و دابینکردندا دروست دەکات.
​لە کۆتاییدا، لیژنەی کارەبای پەرلەمان داوای کرد پلانێکی ڕوون بۆ کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا و چارەسەرکردنی گرفتە تەکنیکییەکان دابنرێت، هەروەها هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ وەزارەتی نەوت بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا.

وتاری نووسەران