
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، باس لە ئامادەکارییەکانی هێزەکانی ئەمریکا دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی دژی ئێران.
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند " کەشتیی جەنگی یو ئێس ئێس تریپۆلی لە ٢٧ی ئاداردا گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ٣ هەزار و ٥٠٠ سەربازی مارێنزی هەڵگرتووە کە لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشی جەنگیدان و ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێک".
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا وتیشی "ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە ستراتیژی بەهێزکردنی بوونی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدایە"، هاوکات لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکانە لە بەرامبەر ئێران.
هەر ئەمرۆ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند "لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە داوای ئێران بۆ ئاگربەست دوورە لە راستی و بێ بنەمایە"، ئەم لێدوانەش دوای ئەوە هات کا دۆناڵد ترەمپ وتی "سەرۆکی رژێمی نوێی ئێران، کە زۆر کەمتر تووندڕۆ و زۆر زیرەکترە لەوانەی پێش خۆی، داوای ئاگربەستی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد".
٣٣ رۆژە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەردەوامە و ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا باسی دانوستاندن دەکات لە هەمان کاتدا هەڕەشەی هێرشی زەمینیش لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات.