
ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەک شانەی نهێنیی نوێی لە عێراق پێکهێناوە. ئامانج لەم شانانە ئەنجامدانی هێرشە لە دژی ئەو وڵاتە کەنداوییانەی کە هێزی ئەمریکییان تێدایە. ئەم گرووپانە لە دەرەوەی پێکهاتەی گرووپە چەکدارە ناسراوەکان کار دەکەن بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن و ڕاستەوخۆ فەرمان لە سوپای پاسداران وەردەگرن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم شانانە کە لە چەکدارانی بەئەزموون پێکهاتوون، لە نێوان مانگەکانی نیسان و ئایاردا لانیکەم حەوت هێرشی درۆنییان لە باشووری عێراقەوە بۆ سەر کوێت، سعودیە و ئیمارات ئەنجامداوە. ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییەکی ستراتیژیی ئێرانە بۆ پاراستنی نفووزی خۆی لە ناوچەکەدا.
