
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکی هەواڵیدا ئاشکرای کردووە، کە عەرەبستانی سعوودیە بە شێوەیەکی نهێنی فشار دەخاتە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوەکو ئاستی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران زیاتر پەرە پێ بدات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕیاز پشتیوانی لە زیادکردنی فشارە سەربازییەکان دەکات بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی تاران لە ناوچەکەدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی گاردیان، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، پێی وایە تێوەگلانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ململانێیەکی سەربازیدا دژی ئێران و بریکارەکانی، دەرفەتێکی مێژوویییە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بن سەلمان وای دەبینێت کە ئەم قۆناغە دەکرێت ببێتە وەرچەرخانێک بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی ساڵانێکی دوور و درێژە ڕووبەڕووی وڵاتەکەی و سەقامگیری ناوچەکە بووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکەی گاردیاندا هاتووە، سعوودیە تەنها بە فشاری دیپلۆماسی و سیاسی نەوەستاوە، بەڵکو ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەر ڕێگەچارە دیبلۆماسی و سیاسییەکان بۆ سنووردارکردنی ئێران ئەنجامیان نەبێت، ئەوا وڵاتەکەی ئامادەیە بە شێوەی سەربازی دەستوەردان بکات.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی سعوودیە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ گۆڕینی ستراتیژییەتی ڕیاز بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، بە ئامانجی سەپاندنی هاوسەنگییەکی نوێی هێز کە لە بەرژەوەندی سعوودیە و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیدا بێت.