
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دانوستانە چڕەکانیان لەگەڵ شاندی ئێرانی لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، دوای 21 کاتژمێر گفتوگۆی بەردەوام، نەگەیشتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
ڤانس ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن پێشنیازی زۆر نەرمی خستووەتە ڕوو، بەڵام تاران مەرجەکانی ڕەتکردووەتەوە.
ئەو ووتی، خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکان وازهێنانی تاران بوو لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەم ئەنجامەی وەک هەواڵێکی خراپ بۆ ئێران ناو برد و جەختی کردەوە کە ئەوەی پێشکەشکراوە کۆتا و باشترین پێشنیاری ئەمریکایە.
لە بەرامبەردا، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە هەرچەندە لەسەر چەند خاڵێک لێکتێگەیشتن هەبووە، بەڵام لەسەر سێ بابەتی گرنگ جیاوازی بیروڕا ماوە و ڕێککەوتن نەکراوە.
بەقایی دووپاتی کردەوە کە ڕێگای دیپلۆماسی دانەخراوە و وەک ئامرازێکی هەمیشەیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەمێنێتەوە.
ئەم دانوستانانە کە بە نێوەندگیری پاکستان بەڕێوەچوون، نیشاندەری بەردەوامی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان.