
محەمەد شیاع سوودانی،جەختی کردەوە کە دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان تەنیا لایەنی بەرپرسیارن لە بڕیاردان لەسەر پرسی شەڕ و پێویستە هەموو ئامرازەکانی توندوتیژی تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بن.
سەرۆک وەزیران هۆشداری دا کە بۆردومانکردنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و بنکەکانی هاوپەیمانان عێراق ڕووبەڕووی لێکەوتەی مەترسیدار دەکاتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزە ئەمنییەکان چەندین هەوڵیان بۆ بە ئامانجگرتنی ناوەندە ئابوری و دیپلۆماسییەکان پووچەڵ کردووەتەوە و بەردەوام دەبن لە ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی لەم کارە قبوڵنەکراوانەدا تێوەگلاون.
سوودانی سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد و ڕایگەیاند کە ڕێگە نادەن ڕۆڵەکانیان بکرێنە ئامانج، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و ئاوارەبوونی ٩٠٠ هەزار کەس قەیرانەکانی دوو هێندە کردووە، هەروەها ناتانیاهۆی بەوە تۆمەتبار کرد کە ناوچەکەی تێوەگلانی شەڕێکی وێرانکەر کردووە کە تێیدا چەکی قەدەغەکراو بەکاردێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بەردەوامە لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی بۆ ڕاگرتنی شەڕ، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی توانیویەتی بەسەر هەڕەشەکانی تیرۆردا زاڵ بێت و ئێستا قۆناغی بونیادنانەوە و گەشەپێدان دەستی پێکردووە، بە جۆرێک کە هیچ ئاستەنگێک ناتوانێت ڕێگری لە پلانەکانی ئاوەدانکردنەوەی زیاتری وڵات بگرێت.