
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ستراتیژی وڵاتەکەی بەرامبەر تاران ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند کە هیچ پەلەیەک و کاتێکی دیاریکراویان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران نییە.
ترەمپ ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئەو دەیەوێت بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە کۆتایی بە گرژییەکان بهێنێت، بەڵکو جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی "باش" کە لە بەرژەوەندی گەلی ئەمریکادا بێت.
سەبارەت بە کاریگەریی فشارەکان، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە رژێمی ئێران لە گەمارۆ ئابوورییەکان زیاتر دەترسن وەک لە هێرشی سەربازی و بۆردومان، چونکە تاران ئەزموونی ساڵانێکی زۆری لەگەڵ بۆردوماندا هەیە، بەڵام گەمارۆکان فشارێکی بێوێنەیان بۆ دروست کردوون.