دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە وتارێکی نوێدا سەبارەت بە بەرەوپێشچوونەکانی شەڕی دژ بە ئێران، نەخشەی نوێی ناوچەکە و دەستکەوتە سەربازییەکانی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد. 

تڕەمپ ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی تەنها چوار هەفتەی ڕابردوودا گورزی وایان لە ئێران وەشاندووە کە لە مێژووی جەنگەکاندا وێنەی نەبووە.

سەرکەوتنی ستراتیژی و لەناوبردنی توانای ئەتۆمی

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجە سەرەکییەکانیان، کە بریتی بوون لە پاراستنی وڵاتانی دراوسێ و هەڵوەشاندنەوەی توانای سەربازیی ڕژێمی ئێران، بەدی هاتوون و ڕایگەیاند: "ئێمە تواناکانی ئێرانمان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەتەواوی لەناو برد و ئێستا دەتوانم بڵێم چیتر دەوڵەتێک بەناوی ئێرانی ئەتۆمی بوونی نەماوە.


کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی تاران

تڕەمپ لە وتارەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر شێوازی حوکمڕانیی ڕژێمی ئێران و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕژێمە زیاتر لە ٣٥ هەزار کەسی لە گەلی خۆی کۆمەڵکوژ کردووە. وتیشی: "پێویست بوو ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە ٤٧ ساڵ لەمەوبەر ڕووی بدایە، بەڵام دوای ئەوەی تاران لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ بڕیاری دا بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی مووشەک و بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بژاردەی سەربازی بووە پێویستییەکی حەتمی.

ئەو وتیشی کە هەرچەندە گۆڕینی ڕژێمی ئێران ئامانجی سەرەکییان نەبووە، بەڵام بەهۆی لەناوبردنی سەرکردە باڵاکان، ئەو ئامانجەش لەسەر زەوی بەدی هاتووە و ئێران ئێستا دەوڵەتێکی وێرانبووە کە توانای هەڕەشەکردنی نەماوە.


پەیامێک بۆ کڕیارانی نەوت و گەرووی هورمز

سەبارەت بە پرسی وزە و ئاسایشی گەرووی هورمز، تڕەمپ هەڵوێستێکی توندی نیشاندا و ڕایگەیاند کە ئەمریکا چیتر پێویستی بە نەوتی ئەو ناوچەیە نییە. ئەو وتی: "ئەو دەوڵەتانەی نەوتیان لە گەرووی هورمزەوە بۆ دەچێت، دەبێت خۆیان بەرپرسیارێتی پاراستنی ڕێڕەوەکانیان بگرنە ئەستۆ یان ڕوو لە کڕینی نەوتی ئەمریکی بکەن.


داهاتووی ئۆپەراسیۆنەکە: "چاخی بەردین"

سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو، تڕەمپ هۆشداری دا کە لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا هێرشەکان بە توندی بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی ئێران بەتەواوی دەگەڕێتەوە بۆ "چاخی بەردین". ئاماژەی بەوەش کرد کە قورسترین قۆناغی شەڕەکە کۆتایی هاتووە و ئێستا واشنتن لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە بۆ هەر جۆرە گفتوگۆیەک، چونکە وەک خۆی وتی: "هەموو کارتە بەهێزەکان لەژێر دەستی ئەمریکادان."

وتاری نووسەران