
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ پێنجشەممە گفتوگۆ لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا بەڕێوەدەچێت و وتی، "هەوڵدەدەین شوێنێک بۆ هەناسەدان لە نێوانیان دابینبکەین".
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی "تروس سۆشیاڵ" ڕونیکردەوە و وتی، "هەوڵدەدەین شوێنێک بۆ هەناسەدان لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان دابین بکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتێکی زۆرە کە سەركردەكانی هەردو وڵات قسەیان نەکردوە، نزیکەی 34 ساڵە. و ئەوە بەیانی (پێنجشەممە) ڕودەدات".
چەندین سەرچاوە ئاماژەیان بەوەکردوە کە ڕێککەوتنێکی ئەگەری لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ ئاگربەست نزیک دەردەکەوێت، دوای چەند هەفتەیەک لە هێرشی دولایەنە لە نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵا.
پێشتر بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئاشکرای کردبو کە ترەمپ پێشوازی لە کۆتاییهێنان بە کردەوە دوژمنکارییەکان لە لوبنان دەکات، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنێکی ئاشتی ئەگەری لەگەڵ ئیسرائیل.
ئەو بەرپرسە بە "سکای نیوز عەرەبی" ڕاگەیاندوە، ترەمپ "داوای ئاگربەستی لە ئیسرائیل نەکردوە لە لوبنان و وەک بەشێک لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران سەیری ناکات، بەڵام پێشوازی لە کۆتاییهێنان بە کردەوە دوژمنکارییەکان لە لوبنان دەکات".