
بە ئامادەبوونی دەیانشایەتحاڵی پرۆسەی ئەنفال و ئەوانەی بەچاوی خۆیان تاوانەكانی عەجاجیان دیوە لە بەغدای پایتەخت دادگایی عەجاج دەستپێدەكات.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێککەوتی ٧ی ئایاری ٢٠٢٦، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی (عەجاج ئەحمەد حەردان)، ناسراو بە جەلادەکەی نوگرە سەلمان، یەکێک لە گەورە تاوانبارانی ئەنفال لە شاری بەغداد دەستپێبکات.
بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە ٢٠٠ کەس وەک شایەتحاڵ و سکاڵاکار لە دانیشتنەکەدا ئامادە دەبن.
عەجاج تکریتی، کە بە جەلادەکەی نوگرەسەلمان دەناسرێت، لە کۆتایی مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دەستگیرکرا.
پاش دەستگیرکردنی، داوا لە ڕزگاربووانی نوگرەسەلمان و کەسوکاری ئەنفالکراوان کرا سکاڵای یاسایی لە دژی تۆمار بکەن.
سەرەنجام زیاتر لە ١٨٠ کەس بە فەرمی سکاڵایان لەسەر ناوبراو تۆمار کرد.
بەپێی زانیارییەکان، عەجاج تکریتی لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بەو تاوانانەدا ناوە کە لە کاتی پرۆسەکانی ئەنفالدا دژ بە گەلی کورد ئەنجامی داون.
