ئەمەریكا لە نامەیەكی هەڕەشە ئامێزدا داوا لە عێراق دەكات هەرچی زووە چالاكیەكانی گروپە چەكدارەكانی سەر بەئێران كۆتایی پێ‌ بهێنێتن بەپێچەوانەوە سزای توندی بەسەردا دەسەپێنرێ‌.
ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا بە میدیای ناوخۆییان راگەیاند کە واشنتن بڕیاریداوە گوشارەکانی بۆ سەر بەغدا توندتر بکاتەوە، لەوانەش راگرتنی رەوانەکردنی دۆلار بۆ عێراق.
بەپێی راگەیاندنی وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ فۆکس نیوز، پێویستە حکومەتی عێراق کۆتایی بەو "رووپۆشە سیاسی، دارایی و سەربازییە” بهێنێت کە بۆ میلیشیاکانی سەر بە ئێران دابین دەکرێت.
هەمان وتەبێژ ئاماژەی بەوە کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەموو رێکارێک دەگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی چالاکییەکانی ئێران لە عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، بە تایبەتی لە بەرامبەر ئەو گرووپانەی کە بە "میلیشیا تێکدەرەکان” ناوبردراون.
هەروەها، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانییەکانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە شکستی حکومەتی عێراق لە سنووردارکردنی ئەم گرووپانە، و ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە کاریگەرییەکی نەرێنیی تووند لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا دەبێت.
لە کۆتاییدا، واشنتن دووبارە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چاوەڕوانی هەنگاوە دەستبەجێ و کاریگەرەکان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران.

وتاری نووسەران