
وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بارەی دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران و ئەگەری ڕێکنەکەوتنیان قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسەکان کرد و وتی "سەرۆک ترەمپ ئامادەیە قورسترین بۆردومان لە مێژوودا دژی ئێران ئەنجام بدات".
چوار شەممە، ٢٥ ئادار ٢٠٢٦، کارۆلاین لێڤت، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند "ترەمپ هیچ گاڵتەیەکی نییە و ئامادەیە دۆزەخ لە ناوخۆی ئێران هەڵگیرسێنێت ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، چونکە هەر سەرکێشییەک ڕووبەڕووی بۆردومانی زۆر قورستریان دەکاتەوە".
وتەبێژەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکرد "واشنتن توانیویەتی توانای ناوەکی و هێرشبەریی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پەکبخات و تاران ئێستا بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت، چونکە درک بەوە دەکەن کە خەریکن وردوخاش دەکرێن و توانای بەرگریکردنیان بە خێرایی کەم دەبێتەوە".
کارۆلاین لێڤت ئاشکرای کرد کە سەرەڕای هەندێک دەنگۆ، پڕۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بەردەوامە.
وتەبێژەکەی کۆشکی سپی هەواڵێکی گرنگی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ـی مانگی ئایاری داهاتوودا سەردانی پەکین دەکات، بڕیارە لەوێ کۆبوونەوەیەکی "مێژوویی لەگەڵ شی جینپینگ" سەرۆکی چین ئەنجام بدات، دواتریش سەرۆکی چین و هاوسەرەکەی سەردانی واشنتن دەکەنەوە.