
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند'' لە ماوەی ٣١ ڕۆژی ڕابردوودا هیچ جۆرە گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام نەداوە، بەڵکو تەنیا کۆمەڵێک داواکاری و پێشنیاری دانوستانیان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکان و وڵاتی پاکستانەوە پێگەیشتووە.''
وتەبێژی وەزارەت جەختی کردەوە کە هەڵوێستی تاران زۆر ڕوونە و لە ئێستادا کە هێرش و دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا بە توندی بەردەوامن، ئەوان هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆیان تەرخان کردووە بۆ بەرگریکردن لە خاک و قەوارەی وڵاتەکەیان و نەیانپەرژاوەتە سەر هیچ جۆرە دیپلۆماسییەک لەژێر سێبەری هەڕەشەدا.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران ئەزموونی تاڵی لە ڕابردوودا هەیە و ئەو ناپاکییە لەیاد ناکات کە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بەرامبەر پرۆسەی دیپلۆماسی کراوە، بۆیە لە ئێستادا متمانەیان بەو پێشنیارانە نییە و لە پێگەی بەرگرییەوە سەیری بارودۆخەکە دەکەن تا ئەو کاتەی هێرشەکان ڕادەگیرێن.