لە نوێترین لێدوانیدا سوپای پاسداران ڕایگەیاند'' هێشتا کۆتایی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل ڕانەگەیەندراوە و تاران بەردەوامە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە وەک قۆناغێکی جەنگیی کراوە.''
محەمەد ئەکرەمی وتەبێژی سوپای ئێران ، ئاماژەی بەوە کرد کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ئامادەباشی تەواودان و سەرجەم مەشق و کەرەستە سەربازییەکانیان بەپێی پێویستییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی نوێ نوێکردووەتەوە.
سەبارەت بە دابەشکاریی هێزەکان لە ناوچە ستراتیژییەکان، وتەبێژی سوپا ئاشکرای کرد، کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز دابەشکراوە، بە شێوەیەک کە دیوی ڕۆژئاوای گەرووەکە لەژێر چاودێری و دەسەڵاتی سوپای پاسداراندایە و هێزەکانی سوپاش بەرپرسیارێتی پاراستنی دیوی ڕۆژهەڵاتیان گرتووەتە ئەستۆ. ئەم هەماهەنگییە وەک بەشێک لە پلانی بەرگریی ئێران بۆ پاراستنی سنوورە ئاوییەکانی وەسف کرا.
لە کۆتایی هۆشدارییەکانیدا، ئەکرەمی جەختی لەوە کردەوە کە هەر دەستدرێژییەکی نوێی دوژمن ڕووبەڕووی شێواز و ئامرازی جەنگیی چاوەڕواننەکراو دەبێتەوە کە پێشتر نەبینراون. ناوبراو دووپاتی کردەوە کە تاران ئامادەیە لە هەر گۆڕەپانێکی نوێدا وەڵامی توند و یەکلاکەرەوە بداتەوە، ئەگەر لایەنە بەرامبەرەکان هەوڵی تاقیکردنەوەی تواناکانیان بدەن. 

وتاری نووسەران