
موحسین رەزایی، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا هەڵوێستێکی توندی لەبارەی دۆخی گەرووی هورمز و دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە تاران سازش لەسەر مافەکانی ناکات.
رەزایی ڕایگەیاند” کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز وەک ئامرازێکی فشار بەکاردەهێنن و تا ئەو کاتەی مافەکانی ئێران بە تەواوەتی بەدی نەهێنرێت، دەستبەرداری ئەو کۆنترۆڵە نابن.”
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ درێژکردنەوەی ئاگربەستی ئێستا لەگەڵ واشنتن نین، چونکە پێی وایە ئەو دۆخە خزمەتی دۆزی ئێران ناکات.
سەبارەت بە توانای سەربازیی وڵاتەکەی، رەزایی وتی” بە پێچەوانەی ئەمریکییەکان کە گوایە ترسیان لە شەڕێکی درێژخایەن هەیە، ئێران خاوەن ئەزموونێکی فراوانە لە جەنگی درێژخایەندا و بە تەواوی ئامادەکاری بۆ هەر سیناریۆیەکی سەربازی کردووە.” ئەو جەختی کردەوە کە هەر شەڕێکی زەمینی دژی ئێران، چ لە ڕووی تەکنیکی و چ لە ڕووی سەربازییەوە، شکست دەهێنێت.
لە کۆتاییدا، موحسین رەزایی پەیامێکی ڕوونی بۆ لایەنی بەرامبەر نارد و وتی کە تاران لە هیچ بارودۆخێکدا پاشەکشە لەو دە مەرجەی بۆ دانوستانەکان دیارییان کردووە ناکات، تەنانەت ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سووربن لەسەر سەپاندنی گەمارۆی دەریایی، چونکە پێی وایە سەپاندنی گەمارۆ ناتوانێت ئیرادەی سیاسیی تاران بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی لاواز بکات.