
ڕێگای کوردستان
دوای تەنها چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەی شەوی ڕابردوو، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکیتر ڕووبەڕووی مەترسی نوێبوونەوەی جەنگ بووەوە.
هێرشە ئاسمانییە چڕەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان و هەوڵی کوشتنی سەرۆکی حزبوڵڵا، تەواوی ڕێککەوتنەکەی خستووەتە ژێر پرسیار و ئاگربەستی نێوان بەرەی ئەمریکا، ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە لێواری ڕووخاندایە.
لە کاردانەوەیەکی تونددا، ئێران ڕایگەیاند ئەگەر هێرشەکانی سەر لوبنان ڕانەگیرێن، چیتر پابەندی ئاگربەست نابێت و هەڕەشەی کشانەوەی یەکجاری کرد.
هاوکات وەک هەنگاوێکی کردەیی بۆ فشارخستنە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تاران گەرووی هورمزی داخستەوە.
لای خۆیەوە دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، لوبنان لە چوارچێوەی ئەو ئاگربەستەدا نییە کە شەوی ڕابردوو ڕاگەیەندرا.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە لێدوانەکەی تڕەمپ،هەڵکردنی گڵۆپی سەوزە بۆ بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان و لێدانی حزبوڵڵا.
ئێستا جیهان بە دڵەڕاوکێوە دەڕوانێتە ئەم پەرەسەندنانە، ئەو ئاگربەستەی کە وا بڕیار بوو ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە، ئێستا بووەتە هۆی ئاڵۆزییەکی قووڵتر.
چاودێران جەختی لەسەر دەکەنەوە، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سەرکەوتوو نەبن، ئەوا ناوچەکە دەچێتە ناو جەنگێکی سەرتاسەرییەوە کە هەموو هاوسەنگییە سیاسی و سەربازییەکان تێکدەدات و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی تەنها لە چوارچێوەی ناوچەکەدا نامێننەوە.