
ڕێگای کوردستان
پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەلایەن عەلی زەیدییەوە، لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، سزاکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر بەرپرسانی وەزارەتی نەوت بە تۆمەتی هاوکاری تاران، ئەرکی زەیدی زیاتر ئاڵۆز کردووە. ئەمریکا داوایەکی ڕوونی ئاراستەی زەیدی و حکومەتی داهاتوو کردووە، دەبێت میلیشیاکان لە جەستەی دەوڵەت جیا بکرێنەوە.
بەڵام ئایا زەیدی دەتوانێت ئەم داواکارییە جێبەجێ بکات؟ ڕاستی ئەوەیە کە خاوەن میلیشیاکان وەک بەربەستێکی پۆڵایین لەبەردەم هەر هەوڵێکی لەو شێوەیەدا وەستاون.
ئەوان نەک هەر خاوەن چەکن، بەڵکو دەسەڵاتێکی سیاسی و ئابووری فراوانیشیان لەناو پەرلەمان و دامەزراوەکاندا هەیە، هەر هەنگاوێکی زەیدی بۆ دوورخستنەوەیان، ڕەنگە ببێتە هۆی پەکخستنی متمانەی حکومەتەکەی یان دروستبوونی پێکدادانی ناوخۆیی.
لە ئێستادا، زەیدی هێزی کرداریی پێویستی لەبەردەستدا نییە بۆ سەپاندنی ئەم مەرجانە، چونکە هێزە ئەمنییەکان خۆیان لەژێر کاریگەریی سیاسیی جیاوازدان.
بۆیە ئێستا، زەیدی لە نێوان بەرداشی هەڕەشەو داواکاریەکانی ئەمریکا و سەرکێشی میلیشیاکاندایە، ئەگەر نەتوانێت هاوسەنگییەکی ورد ڕابگرێت، پێکهێنانی حکومەتێکی سەقامگیر، کارێکی نیمچە مەحاڵ دەبێت و عێراق بەرەو گۆشەگیرییەکی دارایی و سیاسی قووڵتر دەبات.
