
ڕێگای کوردستان
ئەمڕۆ لە ژێر ڕێوشوێنێکی ئەمنی تونددا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، دانوستان لە نێوان شاندی ئەمریکا و ئێران بەڕێوە دەچێت.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە جیهان و ناوچەکە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕواننە ئەنجامەکان، بەتایبەت کە ئەم گفتوگۆیانە لە ژینگەیەکی ئاڵۆزی سیاسییدا بەڕێوەدەچن.
هەرچەندە چاودێران پێیان وایە بەهۆی قووڵی کێشەکانەوە گفتوگۆکان ئاڵۆز و قورس دەبن، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا گەشبینی خۆی بۆ نزیکبوونەوە لە ڕێکەوتن پیشانداوە.
ئێستا ئاگربەستێکی ١٥ ڕۆژە لە نێوان هەردوو لادا ڕاگەیەندراوە و ئەم ماوەیە وەک مۆڵەتێکی هەستیار بۆ دیپلۆماسییەت دەبینرێت.
هاوکات، شارەزایانی سەربازی و سیاسی هۆشداری دەدەن کە شکستی ئەم دانوستانانە مەترسییەکی گەورە دروست دەکات، چونکە ئەگەر ڕێکەوتن نەکرێت، ئەوا جەنگی داهاتوو کاولکارییەک بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە زۆر لە جاران گەورەتر دەبێت.
ئێستا جیهان چاوەڕێی ١٥ ڕۆژی داهاتووە تا بزانرێت ئایا دیپلۆماسی دەتوانێت ڕێگری لە کارەساتێکی سەربازی بکات یان نا.