رێگای کوردستان


لە دوای هێرشە کتووپڕ و خوێناوییەکانی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە، سیمای گشتیی ژیان لە ناوخۆی ئیسرائیل بەتەواوی گۆڕاوە.
لەو ڕۆژەوە تا ئێستا هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە لەناو ترس و دڵەڕاوکێی توند و ناسەقامگیرییەکی دەروونی قووڵدا دەژین کە لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکەدا وێنەی نەبووە.
لەو ڕۆژەوە بۆ ملیۆنان ئیسرائیلی، ماڵ و شەقامەکان ئیتر شوێنی ئارام نین، چاویان هەمیشە لەسەر نەخشەی پەناگە و ژێرزەمینەکانە. 
دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوەکان بوونەتە مۆتەکەی ڕۆژانەیان، کە ناچاریان دەکات لە هەر ساتێکی شەو و ڕۆژدا بۆ پاراستنی ژیانیان ڕوو لە پەناگە سارد و تاریکەکان بکەن.
لە ئێستاشدا بەهۆی ئەو جەنگەی ئەمریکاو ئیسرائیل لە دژی ئێران هەڵیانگیرساندووە، ئیسرائیلیەکان زیاتر نوقمی ترس و بێ ئومێدیبوونە، نزیکەی مانگێکە ئەوان لەژێر هەڕەشەی مووشەک و درۆنی ئێرانیدا، ڕۆژ و شەو لە نێو ترس و پەناگەکان بەدەمی یەکەوە گرێ دەدەن.
ئەم دۆخە نەک هەر کاریگەری وێرانکەری لەسەر دەروونی منداڵان و گەورەکان داناوە، بەڵکو هەستی متمانە بە دیواری بەرگری وڵاتەکەیانی لەناو بردووە.
لەلایەکی دیکەوە، شەپۆلێکی بێوێنەی ناڕەزایەتی ڕووی لە کابینەکەی بنیامین ناتانیاهۆ کردووە، هاووڵاتیانی توڕە و تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی حکومی و سەربازی، بە ئاشکرا ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن و بە شەڕانگێز وهاوکات بە کەمتەرخەم تۆمەتباری دەکەن. 
ئەوان دەڵێن ژیانیان بووەتە دۆزەخێکی ڕاستەقینە و حکومەت جگە لەوەی شکستی هێناوە لە گەڕاندنەوەی ئاسایش و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان، لەلایەکی ترەوە شەڕێکی دیکەی کاولکاری هەڵگیرساندووەو ووڵاتی خستووەتە نێو کورەی ئاگرەوە.
ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئیسرائیلی له بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە، کە تێیدا داهاتوو وەک ژێرزەمینەکان تاریک و نادیار دەبینرێت، لە کاتێکدا جەنگ و ململانێکان هیچ ئاسۆیەکی ڕوونیان بۆ کۆتاییهاتن لێ بەدی ناکرێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا