زیانەکانی  ئەمریکا

داتاکانی وەزارەتی شەڕی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەریانخستووە کە ژمارەی کوژراوانی سەربازانی ئەمریکی -لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە- گەیشتووەتە ١٣ کوژراو، جگە لە دەیان بریندار. هەروەها وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل برینداربوونی ٧٦٤٥ ئیسرائیلی ڕاگەیاند.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری داتاکانی پێنتاگۆنەوە بڵاویکردەوە، جگە لەو ١٣ کوژراوە، نزیکەی ٣٧٠ سەربازی ئەمریکی بریندار بوون، کە لانیکەم ١٢یان برینەکەیان سەختە. بەرپرسان ڕایانگەیاندووە کە زۆربەی بریندارەکان لەو کاتەوە گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان.

واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوەش کردووە، جەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ پیت هیگسێس، وەزیری شەڕ، وتارەکەی بە سڵاوکردن بۆ ئەو ١٣ سەربازە ئەمریکییە دەستپێکرد کە تا ئێستا لە کاتی شەڕدا کوژراون و ووتی قوربانیدانی ئەوان بۆ ئێمە زۆر گرنگە و سوپاسگوزارین.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکانی ئێران زیانێکی زۆریان بە دامەزراوەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ناوچەکەدا گەیاندووە، ئەمەش بابەتێکە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، خۆی لە باسکردنی بە وردی بەدوور دەگرێت.

زیانەکان لە ئیسرائیل

لە ئیسرائیل، وەزارەتی تەندروستی دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند کە کۆی ژمارەی بریندارەکان -لە سەرەتای جەنگ لەگەڵ ئێرانەوە- گەیشتووەتە ٧٦٤٥ کەس، کە ٢٨١١یان لە کاتی چوون بەرەو پەناگەکان بریندار بوون.

ڕوونیشیکردەوە کە لە نێوان بریندارەکاندا ١١٦ کەسیان ئێستا لەژێر چارەسەردان، کە ٢یان لە دۆخێکی سەخت و ناجێگیردان، ١٣یان برینەکەیان سەختە، ٢٥ مامناوەند و ٧٤ کەسیش برینەکەیان سووکە، جگە لە دوو حاڵەت کە لە ژێر هەڵسەنگاندنی پزیشکیدان.

ئەو داتا نوێیانەی کە وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ژمارەی کوژراوەکانی تێدا نەبووە، هەرچەندە ئەو داتایانەی کە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا بڵاویکردەوە، ئاماژەی بە کوژرانی ١٦ ئیسرائیلی کردووە، لە کاتێکدا دەزگای فریاکەوتن کوژرانی ١٥ کەسی بە دۆکۆمێنت کردووە، کە ٩یان لە هێرشێکی موشەکیدا بووە بۆ سەر ناوچەی بێت شێمش و دوو سەربازیش لە باشووری لوبنان.

وتاری نووسەران