
چه‌مك (concept) نه‌ك "چمك"، واته تێگه؛ یانی ئه‌و وشه فیكری و فه‌لسه‌فییه‌ی كه جیایه له وشه‌یه‌كی ئاسایی تر. هه‌ر وشه‌یه‌كی ئاسایی و ڕۆژانه ده‌توانێت ببێته چه‌مك، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی بخرێته‌گه‌ڕ، ببێته زه‌رووره‌ت، تراومایه‌ك بگوازێته‌وه، مانایه‌ك بگه‌یه‌نێت، ڕازێك هه‌ڵبداته‌وه؛ و به‌كورتییه‌كه‌ی به‌شێك له واقیع به‌ناو زه‌ین و تیۆریزه‌دا ببات و بیهێنێته‌وه. بۆنمونه: بوون، ماڵ، په‌نجه‌ره، ڕێگا، ئایدیا، دووری (ڕه‌هه‌ند)، كه‌وتن، ڕووناكی، و هتد سه‌ره‌تا وشه‌ی ئاسایی بوون به‌ڵام دواتر بوون به چه‌مك.
چه‌مك، له ڕیشه زمانه‌وانییه‌كه‌ی خۆیدا واته له‌خۆگرتن، ئاوسبوون، و چنگ لێ گیربوون. بۆچی له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م واتایه‌ی هه‌بووه؟ چونكه هه‌ر چه‌مكێك، له‌بنه‌ڕه‌تدا و بۆ نموونه له یۆنانی كۆندا، به‌و واتایه هاتووه كه بڕێك له واقیع له‌خۆده‌گرێت، ئاوسه به شتێكی دیكه، چنگ له ڕاستییه‌ك گیرده‌كات كه ئێمه‌ی مرۆڤ به‌ئاسانی نایگه‌ینێ. واته چه‌مك ئه‌و چه‌تره‌یه كه بڕێك له واقیع جیاده‌كاته‌وه و له‌خۆیده‌گرێت. لای ئه‌فلاتوون، خودی چه‌مك (كه ئه‌و پێی ده‌وت ئایدیا یان "فۆرم") نوسخه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی واقیع و جیهان و بوون بوو. ئه‌م دونیایه گشتی كۆپی بوو، و نوسخه‌ی ڕاستینه‌ی شته‌كان له ئایدیادا بوون. بۆ نموونه، ئایدیای چۆله‌كه له‌م چۆله‌كه ڕۆژانه‌ییه‌ی ناو دونیا ڕاسته‌قینه‌تر بوو- چونكه كۆی بوونی چۆله‌كه‌ی له‌خۆده‌گرت. ئه‌رستۆ ته‌نگژه‌ی بۆ ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی ئه‌فلاتوون درووستكرد، و پاش بیست ساڵ قوتابێتیی ئه‌فلاتوون وتی: چه‌مكی چۆله‌كه و خودی چۆله‌كه‌ش هه‌ر له‌ناو ئه‌م جیهانه‌دان نه‌ك دوو جیهانی جیا بن.
چه‌مك، كه فرمان یاخۆ كرداری "چه‌مكاندن"یشی لێ درووستده‌كرێت؛ به واتای تیۆریزه، تێڕامان، چه‌مككارییش دێت. به مانایه‌كی تر، چه‌مك و چه‌مكاندن واته دووركه‌وتنه‌وه له سرووشت و ژیانی ڕاسته‌وخۆیه‌تی. چه‌مك، واته نێوانگری، ناڕاسته‌وخۆیه‌تی، له‌خۆده‌رچوون و پاشان گه‌ڕانه‌وه بۆ خۆ له‌ڕێی زه‌ینه‌وه. به‌و پێیه‌ی كورد مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی نه‌بووه، له چه‌مكیش به‌دوور بووه. فڵان ناوی ئیسلامی كه به‌شدارییه‌كی له فه‌لسه‌فه یاخۆ عیرفاندا هه‌بووه، هه‌ر له‌ناو كه‌لتوری ئیسلامی‌دا هه‌ژمارده‌كرێت كه ئه‌ویش تێكڕا له‌سه‌ر بنكی یۆنان ڕسكاوه. هه‌ڵبه‌ت له فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی دا، ئیسلام فه‌لسه‌فێنراوه و ته‌نانه‌ت ورده‌ئیزافاتی گرنگیش ئه‌نجامدراوه، به‌ڵام هێشتان قه‌رزاری كه‌له‌پوری فه‌لسه‌فیی یۆنان بوون. له یۆنانه‌وه، مرۆڤ له‌نێوان خۆی و جیهاندا چه‌مكی داهێنا.
هیگڵ، وه‌ك پاشای چه‌مكه‌كان، چه‌مكی گه‌یانده دواسنوری خۆی. ئه‌ویش وه‌ك ئه‌فلاتوون وتی هه‌موو بوون هه‌ر چه‌مكه، به‌ڵام له یه‌ك پرۆسه‌دا. هه‌موو بوون گۆڕا بۆ كۆمه‌ڵێك چه‌مك (ـی لۆژیكی و په‌تی) كه جووڵه‌یان تیایه و دواییش په‌یوه‌ستده‌بن به مێژووه‌وه. وه‌ك ده‌وترێت، گه‌ر چه‌مك لای ئه‌وانیتر وشه‌یه‌كی زه‌ینیی وشك بێت؛ با بڵێین فۆتۆیه‌ك بێت؛ ئه‌وا لای هیگڵ وه‌ك فیلمێكی سینه‌مایی لێ دێت كه ده‌بزوێت و كۆی واقیع هه‌ر ئه‌و فیلمه سینه‌ماییه بزۆكه‌یه له‌ڕێی چه‌مكه‌وه. بۆ نموونه، چه‌مكی ئازادی ته‌نیا وشه‌یه‌كی ناو قاموس نییه، یان نوسخه‌یه‌كی ئه‌سڵ نییه له دونیایه‌كی تر؛ به‌ڵكو پرۆسه‌یه. سه‌ره‌تا چه‌مكێكی ئه‌بستراكته، به‌ڵام ده‌چێته ده‌ره‌وه بۆ واقیع تووشی به‌ربه‌سته‌كان و زنجیره‌كان ده‌بێت و پاشان تێی ده‌په‌ڕێنێت، و دوایی ده‌گه‌ڕێته‌وه مرۆڤ (سوبێكت) ده‌گه‌یه‌نێته ئاگاییه‌كی زیاتر. واته له دیارده‌یه‌كی هه‌ژار و ڕووته‌وه، گه‌شتێك ده‌كات و وه‌ك شتێكی پاڵێوراو و زه‌رووری ده‌گه‌ڕێته‌وه. ماركس ده‌ستكارییه‌كی زیاتری هیگڵی كرد و چه‌مك بووه دوا به‌رهه‌م یاخۆ دوا زه‌رووره‌تی واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تیی مرۆڤ. واته چه‌مك، زاده‌ی هه‌لومه‌رجی مادییه و شتێكی له زه‌ینی فه‌یله‌سووف زیاتره.
چه‌مك، مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه: له فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخدا، دۆڵۆز ده‌ڵێت فه‌یله‌سوف ده‌بێت خه‌ریكی ئه‌فراندنی چه‌مك بێت. ئه‌ویش به‌و واتایه‌ی پێش خۆی نا، به‌ڵكو به‌و واتایه‌ی كه مادام هیچ زه‌رووره‌تێكی مێژوویی و میتافیزیكی و هتد له‌ئارادا نییه، گه‌ره‌كه واقیع به‌سه‌ر فره‌ییه‌ك چه‌مكدا دابه‌ش بكه‌ین كه له دواسنوردا چه‌مك له چه‌مكایه‌تییه كۆنه‌كه‌ی خۆی بكه‌وێت و واقیع هه‌رده‌م نوێ بێت. به مانایه‌كی تر، چه‌مك ملكه‌چی واقیعێك نییه له‌ده‌ره‌وه‌ڕا؛ به‌ڵكو ئه‌فراندنی خودی واقیعه، ناونانه له كێشه بچوك و زیندووه‌كان، و هتد.
تا ئێستاش مێژووی فیكر و بیركردنه‌وه هه‌ر به‌رده‌وامه له چه‌مكاندن و درووستكردنی چه‌مك. بۆ داهاتووش، ئه‌م پرۆسه‌یه درێژه‌ی ده‌بێت؛ چونكه كاركردی چه‌مك خۆی هه‌نگاوێكه بۆ ناونان، ڕێكخستن، مه‌وداگرتن له پشێوی. ئه‌مڕۆش، وێڕای گۆڕانكارییه خێراكان، دیسان پێویستمان به چه‌مكه: چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا پێویستمان ناونانه له كێشه‌كانمان، ئه‌و كێشانه‌ی وا ناوه‌ڕۆكێكی واقیعییان هه‌یه و یه‌خه‌ی مرۆی زیندوویان گرتووه. بێ له‌وه‌ش، هێشتا پرسه كۆن و بنه‌ڕةتییه‌كان وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌ڕێی چه‌مكه‌وه داوای تێگه‌یشتنی نوێ ده‌كه‌ن.
