هاوڕێ کرێکار - رێگای كوردستان

بەشێک لەجووتیارانی هەرێمی کوردستان، ماوەی ساڵیکە پارەی بەرهەمی گەنمی ساڵی  رابردوویان لای حکومەتی عێراقە، وەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن، حکومەتی ناوەندی ئەمڕۆ و سبەیمان پێدەکات و ساڵێکە گرتونێتی بەدەمەوە و دەشڵێن ، ئەم مامەڵە گرفتی بۆ دروستکردوین و کاربەدەستانی کوردیش لەبەغدا ڕۆڵیان نەبووە و بێهەڵویست بوونە، ئەمساڵ حکومەتی عێراقی بەپلانێک،  بڕی وەرگرتنی گەنمی لەجووتیاران کەمکردوەتەوه و هەروەها نرخەکەشی  کەمکردووەتەوە.

"جوتیارانی کورد لەبەغدا گرفتیان هەیە و نوێنەرانی کورد کەمتەرخەمن "

کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەسەر گرفت و کێشەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، کە بەدەست وەرنەگرتنەوەی پارەی گەنمەوە دەناڵێن، بەڕێگای کوردستانی وت: وەزارەتی بازرگانی  عێراق بەڕێژەیەکی زۆر زۆر  کەم  گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت،  لەگەڵ ئەوەشدا  پارەکانیان لەکاتی خۆیان پێ نادرێت. ئەمەش وادەکات جووتیاران نەتوانن بەرهەمی زیاتریان هەبێت،  بەرپرسانی ئێمە لە بەغدا  بێ باک و کەمتەرخەمن، هۆکارە لەوەی جووتیارانی کورد بە پلە دووحسابیان بۆ بکرێت و مافەکانیان پێشێل بکرێت

هەروەها، وتیشی :  کردنەوەی چەند سایلۆیەک لەهەولێر و سلێمانی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران ، نەبۆتە هۆکاری باشترکردنی دۆخەکە،  بەڵکو بەهۆی ڕۆتینی زۆ ەوە، دۆخەکەی خراپتر کردوە،  دەبووایە لەپێناو ساغ کردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێم، کارگەکانی عەلەف پابەند بکرێن بە بەکارهێنان و کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێم، سنوورەکان توندتربکرێن  بۆ ئەوەی گەنمی وڵاتانی دراوسێ نەبێتە جێگرەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێم . 
لەکۆتایی قسەکانیدا، ئەوەشی وت: ئەگەر بەم شێوازە ناتەندروستە مامەڵە لەگەڵ بەرهەمی جووتیاران بکرێت،  دەبێت لە ساڵانی داهاتوو فاتیحا بخوێنرێت لەسەر بەرهەمی ناوخۆ، گەر وا بەردەوام بێت زەویە کشتوکاڵیەکانی کوردستان و بەرهەمەکانیان لە مەترسی لەناوچووندان. 


"نوێنەرانی کوردیش لەبەغدا، هەڵۆیستیان نەبووە، لەسەر گرفتی جووتیاران"

قادر عومەر، جووتیارێکی دانیشتووی هەڵەبجەیە و پارەی گەنمی ساڵی ڕابردووی لای حکومەتی عێراقە، بەڕێگای کوردستانی وت : حکومەتی ناوەند بەئاشکرا دەستی دەستیمان پێدەکات و ئامادەنییە، پارەی بەرهەمی ساڵی ۲۰۲٥ ـ مان بداتەوە، ڕوونیش نییە ، کەی پارەکە دەداتەوه و چارەنووسی پارەکانمان نادیارە و بەداخەوە نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا تەنها ناون و هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و ئامادەش نین خەممان بخۆن. 
هەروەها باسی لەوەشکرد، پارەی ٥۰ تۆن گەنمم لای حکومەتی ناوەندە، ئەوەبەرهەمی ئەمساڵیشمان دەرچوو، ئەگەر لێمانی وەرگرێتەوە دەبێت کەی پارەکەمان بداتەوە، ئێمەش قەرزارین و پارەی خەڵکمان لایە و هەر چاوەڕێێن و هیچ دیارنییە.

"حکومەت ئەمڕۆ و بەیانیمان پێدەکات و خەڵکیش داوای پارە دەکات"
 سۆفی عەلی، هاووڵاتییەکی دانێشتووی قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە و ساڵێکە پارەی لای حکومەتی ناوەندییە و تا ئێستا وەرینەگرتووه، بەڕێگای کوردستانی وت:  پارەی ۹۰۰ تۆن گەنمی ساڵی ڕابردووم لای حکومەتی عێراقە و تا ئێستا دینارێکم وەرنەگرتووه و هەر ئەمڕۆ و سبەیمان پێدەکەن و چارەنووسی پارەکەشمان نادیارە .
وتیشی :  ئەو گەنمەی  داومەته حکومەتی عێراقی، بەرهەمی گەنمی ژمارەیەک جووتیارە و لەوانم کڕیوه، بەڵام ئێستا کە حکومەت پارە نادات، ئەوانیش داوای پارە لە من دەکەن بەشێکیان کە پارەیان لامە و منیش هیچم نەما چیم بوو فرۆشتم لەژێر قەرزی خەڵک دەرناچم .

هەروەها باسی لەوەشکرد،  ئەوە گەنمی دیکە هاتە بەرهەم، هێشتا ئێمە پارەی گەنمی ترمان وەرنەگرتووە و چاوەڕێین، تا ئێستا بڕیارم نەداوە گەنم لەجووتیاران وەربگرم ، وەک ساڵی ڕابڕدوو، ئەگەر وەریبگرم ، بە جووتیارەکه دەڵێم ، دەبێت ماوەی ۳ ساڵ چاوەڕوان بیت تا  پارەکەت بدەمەوە . 


"نەدانەوەی پارەی گەنمەکانمان، خەریکە تووشی شەڕمان دەکات "

ئەیاد عەلی، جووتیارێکی دانیشتووی قەزای کەلارە و بۆ ڕێگای کوردستان وتی :  ساڵێکە گەنمەکەم داوەتە کەسێک و تا ئێستا پارەم وەرنەگرتوو ، ئەویش بەبیانووی وەرنەگرتی پارە هەر ئەمڕۆ و سبەیمان پێدەکات ، منیش لەسەر ئەو پارەی گەنمە ، ڕۆیشتووم کەل وپەلم بۆماڵەوە کڕیوە و ئێستا پارەی گەنم نەهاتووە و خاوەن قەرز هەموو ڕۆژ دەکاتە سەرم و منیش بێ پارەم.

ڕونیکردەوە، زیاتر لە ۱۰ تۆن گەنمم، فروشتتووه، بەڵام تا ئێستا دینارێکم وەرنەگرتووە و هەموو ڕۆژ داوای پارە لەو کەسە دەکەم، کە گەنمەکەم پێداوە، ئەویش هەر ڕۆژێک دەڵێت وەرە ماڵەکەم هەڕاج بکە، سەیارەکەم ببە ، فڵان زەویی ببە، چی بکەم حکومەت پارەم بۆ سەرفناکات، بڕوای پێ ئەکەم ، بەڵام منیش قەرزارم . 
ئەمساڵ هەم وەرگرتنی گەنم و هەم پاڕەش کەمکراوەتەوە" 
لەبارەی وەرگرتنی بڕی گەنم و نرخەکەی ، کاروان ڕەئوف، بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان ، بە ڕێگای کوردستان وت : لەساڵی ۲۰۲٥ لەهەموو کوردستان نزیک ٤۰۰ هەزار تۆن گەنم وەرگیراوه لەجوتیاران، بۆ هەر تونێک ٨٥۰ هەزار دیناری عێراقی بووە.
وتیشی : بەڵام بۆ ئەمساڵ، تا ئێستا ئەوەی هەیە ۲۹۰هەزار تۆن وەربگیرێت و تا ئێستا زیاد نەکراوە، دیاریش نییە زیاد دەکرێت یان وەک خۆی دەمێنێتەوە، بۆ هەر تۆنێکیش   ۷۰۰هەزار دیناری عێراقی دیاریکراوە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا