
شیکاری د. محمد رفعت الإمام
کورداندنی: عومهر عهبدولكهریم (تینو)
بەشی چوارەم و کۆتایی
لەڕاستیدا ولە شاڵاوهكانی ئەنفالدا کە وێرانکردنی تەواوەتی لادێکانی باشووری کوردستانی لێکەوتەوەو لەڕێگەی هەشت هەڵمەتەوە دژ بە پێشمەرگە و دانیشتوانی گوندنشین و لە (٢٣ی شوباتەوە دەستیپێکرد و لە ٦ی ئەیلولی ١٩٨٨) کۆتاییهات، ژمارەی قوربانییه مرۆییەکان گەیشتە نزیکەی (١٨٢) هەزار کورد، بەپێی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یان لانیکەم ٥٠ هەزار کورد، بەپێی ئامارەکانی هیومان ڕایتس وۆچ.
ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال لەلایەن مەکتەبی ڕێکخستنی باکووری حزبی بەعسەوە بە سەرۆکایەتی عەلی حەسەن ئەلمەجید (عەلی کیمیاوی) سکرتێری مەکتەبی باکوور
بەڕێوەچوو. سوپای بەعس لە هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالدا یەک ستراتیژیان پەیڕەو کرد. ستراتیژی بەعس بە کیمیابارانێکی بێ جیاوازی لە ئاسمانەوە بۆ سەر پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل دەستی پێکرد، هاوکات لەگەڵ هێرشی زەمینی بۆ سەر پێشمەرگە. بێگومان شاڵاوهكانی ئەنفال لە ڕووی پاڵپشتی لۆجستیکیەوە گەورە بوون و دەیان هەزار کورد بە زۆر لە گوندەکانیانەوە ئاوارە بوون بۆ ئۆردوگاکانی دەستبەسەرکردن. بەدناوترینی ئەو کەمپانە تۆپزاوابوو، كه 15 كیلۆمهتر لە کەرکوکەوە دوورە و کەمپەکانی سوپا لە تکریت و قەڵای دهۆک بوون. لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دەسەڵاتداران ژن و پیاو و منداڵەکانیان لەیەکتر جیاکردەوە. لە کاتێکدا ئهو پیاوانهی ئهیانتوانی شهڕ بكهن و كار بكهن و ئهو ژنانهشی منداڵیان دهبوو دەبرێنە شوێنی نادیار و ئماده دهكران بە کۆمەڵ بکوژرێن و بە خاک بسپێردرێن، ژن و منداڵ و
بەساڵاچووەکان بۆ باکووری کەرکوک و زیندانی بەدناوی نوگره سهلمان لە نزیک سنووری عێراق و سعودیە گوازرانەوە. دواتر بە لێبوردنێک، کە لە(٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨) دەرچووە ئازاد کران.
یەکەمین هەڵمەتی ئەنفال لە(٢٣)ی شوبات دەستی پێکرد و لە(١٩)ی ئازاری (١٩٨٨) کۆتایی هات، بارەگای یەکێتی نیشتمانبی کوردستانی لە دۆڵی جافایەتی(زێدی عەشیرەتی ناسراوی جاف) کردە ئامانج،. لەکاتێکدا ڕادیۆی یەکێتی دەکەوێتە گوندی بەرگەڵو (خوارەوە)، مەڵبەندی هەرێمی یەکێتی کە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە لە پارێزگای کەرکوک، دەکەوێتە گوندی سەرگەڵو (سەرەوە). سەرەڕای گەمارۆی توندی سوپای عێراق، هێزی پێشمەرگە توانی لەودیو چیای قەندیلەوە بکشێتەوە بۆ ناو ئێران. سوپا ڕێگەی بە خەڵکی سڤیل دا هەڵبێن، ئەمەش کارێکە لە شاڵاوهكانی دواتردا دووبارە
نەکرایەوە، بەڵام هەندێک لە دەستگیرکراوە مەدەنییهكان بێسەروشوێن بوون. دوای گەمارۆدانی دۆڵی جافایی، کە نزیکەی سێ هەفتەی خایاند، هێزە عێراقییەکان چوونە ناو گوندەکانی سەرگەڵو و بەرگەلو.
شاڵاوی دووەم لە نێوان (٢٢ی ئازار تا ١ی نیسانی ١٩٨٨) ئەنجامدرا و گوندەکانی دەڤەری قەرەداغی نێوان سلێمانی و گەرمیانی کردە ئامانج. لە ساڵی (١٩٨٧) سوپای عێراق و هاوپەیمانە کوردەکانی(جاش) هەوڵیاندا دەست بەسەر شارۆچکەی قەرەداغدا بگرن. بەڵام هێزی پێشمەرگە شکستی پێهێنان. وەک هەمیشە شاڵاوی دووەم بە کیمیابارانی گوندی سێوسێنان دەستیپێکرد و لە ڕۆژی یەکەمدا زیاتر لە ٨٠ هاووڵاتی مەدەنی کوژران. هێرشە کیمیاییەکان لە ڕۆژی دووەمدا بەردەوام بوو. لە ئەنجامدا دانیشتوانی گوندی جافهران هەڵهاتن. ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو کوردەکاندا
بڵاوبووە و دەستیان کرد بە هەڵاتن بۆ باکوور بەرەو سلێمانی. سوپا بۆسەی لەسەر دەروازەی شاخەکان دانا و کەمپی کاتی دامەزراند و هێزە ئەمنییەکان ماڵەکانیان گەڕاندەوە بۆ خەڵکی گوندنشینانی هەڵهاتوو. دەسەڵاتداران ئەو کەسانەیان بۆ ماوەی چوار هەفتە دەستبەسەر کرد و ژنان لە پیاوان جیا دهكرانهوه. گەنجانی کورد لە تەمەنی شەڕانگێزیدا لە هەڵمەتێکی سیستماتیکی و ڕێکخراوی قڕکردندا گیانیان لەدەستدا.
شاڵاوی سێیەمیش لە (7 تا 20ی نیسانی 1988) ئەنجامدرا، گوندەکانی گەرمیان، کەلار، باوهنور، کفری، دووز، سەنگاو، قادرکەرەم لە سنووری پارێزگای کەرکوک و باشووری سلێمانی کردە ئامانج. ئەم شاڵاوه خوێناویترین بوو. لەو ناوچانەدا پێشمەرگە ئازایانە بەرەنگاری هێزە عێراقییەکان بووەوە، ئەمەش وایکرد دەستگیرکراوان "بێسەروشوێن بکرێن".
کۆنتڕۆڵی عێراق بەسەر کەرکوکدا سەختترین پرس بوو لە دوای دامەزراندنی دەوڵەت لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوو و هەندێک پێیان وایە گرتنەوەی گەرمیان و پایتەختەکەی کەرکوک هۆکاری سەرەکی هەشت شاڵاوی ئەنفال بووە. بەهۆی جیۆگرافیای ناوچەکە ئەم شاڵاوه لە شەڕێکی ئاسایی دەچوو، شەپۆلی یەک لە دوای یەک لە هێرشی پیادە و زرێپۆش و تۆپخانە کە لەلایەن هێرشی ئاسمانی و هێزی جاشهوه پاڵپشتی دەکرا. هاووڵاتیانی مەدەنی خۆیان ڕادەست کرد و سوپا هەموو ڕزگاربووانی دەستگیرکرد. بەهۆی لاوازی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانهوه لەو ناوچانە، سوپا بە هەمان قەبارەی دوو شاڵاوی پێشوو چەکی کیمیایی بەکارنەهێنا. سوپا 120 گوندی گەرمیانیان سووتاند، کە هەموویان ئامانجی سەربازی نەبوون. بەم شێوەیە هەر شوێنهوارێكی
نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان سڕایەوە.
چوارەمین شاڵاوی ئەنفال لە (3 تا 8ی ئایاری ساڵی 1988) ئەنجامدرا، شارۆچکە و گوندەکانی ئاوگهی زێی بچووك لە نێوان هەولێر و کەرکوک کردە ئامانج. ئۆپەراسیۆنەکان بە بۆردومانی ئاسمانی گوندەکانی گۆپتهپه و عەسکەر دەستیپێکرد. لەو کاتەدا ئاستی ئاوی ڕووباری زێی خوارەوە بەرزبووەوە، ئەمەش وایکرد پەڕینەوە قورس بێت. گوندنشینەکان بە هەموو ئاراستەکاندا هەڵهاتن کاتێک هێرشەکانی سوپا دەستیپێکرد و لەو سهروبهندهدا زۆرێکیان دەستگیرکران، هەندێکی دیکەش توانیان خۆیان بشارنەوە. زۆرێک لە دانیشتوانی گوندەکانی سەر دۆڵی زاپ بێسەروشوێن بوون.
شاڵاوی پێنجەم و شەشەم و حەوتەمی ئەنفال لە (١٥ی ئایار تا ٢٦ی ئابی ١٩٨٨) سەریهەڵدا و گوند و دۆڵ و شاخەکانی ناوچەی شەقڵاوە و
ڕەواندزیان کردە ئامانج. پێنجەمین شاڵاوی ئەنفال بە کیمیابارانی گوندی هەرتەڵە دەستی پێکرد. لە ٢٣ی ئایاردا سوپای عێراق بە چەکی کیمیایی بۆردومانی بالیسان و هیران و گوندەکانی دراوسێی ئەو دۆڵەی کرد. ئەو هاووڵاتییە سڤیل و پێشمەرگانهی مابوونەوە، بەرەو گردەکانی دەوروبەری هەڵاتن و بەشێکی دیکەشیان چوونە کەمپی ئاوارەکانهوه لە ئێران. ژمارەی ئەو کوردانەی لەم ئۆپەراسیۆنانەدا بێسەروشوێن بوون لە چاو هەڵمەتەکانی پێشوو کەمتر بوو، جگە لە گوندی (بلهی خوارو) کە زۆرترین بێسەروشوێنی لێکەوتەوە.
لە کۆتاییدا هەشتەمین شاڵاوی ئەنفال لە( ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨) دەستیپێکرد و ناوچەکانی بادینان، ئامێدی، ئاکرێ، زاخۆ، شێخان و دهوکی کردە ئامانج. تا ئەو کاتە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە حەوت
شاڵاوی ئەنفالکردنی پێشوودا زۆربەی هێزەکانی لە دەستدابوو. شاڵاوی هەشتەمی ئەنفال پارتی دیموکراتی کوردستانی کردە ئامانج و لە دوای ئاگربەست لە شەڕی ئێران و عێراق دەستیپێکرد، کە ڕێگەی بە سوپای عێراق دا بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنە ئەنفالییەکانی. عەلی حەسەن ئەلمەجید، تەلارسازی جینۆسایدی کورد، ٢٠٠ هەزار سەربازی بۆ ناوچەیەک بڵاوکردەوە کە تەنها چەند هەزار پێشمەرگەیەکی تێدا جێگیر بوون، جگە لە ١٤ یان ١٥ فیرقەی سوپا و فەوجێکی کیمیایی و یەکەکانی ئاسمانی و هێزەکانی پاراستنی نیشتیمانی و سوپای عێراق. لە ئەنجامدا 300 بۆ 400 گوندی بادینان ڕووخێندران. کوردەکان دەستیان کرد بە هەڵاتن لە گوندەکانیان بەرەو سنووری تورکیا و پەنابردن بۆ شاخەکان. شەڕەکە شەوی ٢٦ی ئابی ١٩٨٨ کۆتایی هات، لە نێوان ٦٥ بۆ ٨٠ هەزار کەس بەرەو سنووری تورکیا ڕۆیشتن.
دەسەڵاتدارانی عێراق سەدان کەسیان دەستگیرکرد و هەندێکی دیکەش پەنایان بۆ شاخەکان برد تا ئەو کاتەی لێبوردنی گشتی لە ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ دەرچوو.
ئەنفال لە ئەنجامدانی ژینۆساید دژی کورد، شاڵاو و هەڵمەتەکانی ئەنفال سەرکەوتوو بوون دواجار دەستەواژەی " ئەنفالكراوان"- ئەوانەی لە ماوەی ئەم هەڵمەتانەدا ئەندامێک یان زیاتریان لەدەستدا پهیدا بوو. جیاوازییەکی زۆر لەم شاڵا,ه ژینۆسایدانەدا هەبوو؛ زۆربەی ئەوانەی بێسەروشوێن بوون لە ڕەگەزی نێر بوون، بەتایبەتی ئەوانەی توانای هەڵگرتنی چەکیان هەبوو. ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵان بێ مێرد و باوک بوون و بەم شێوەیە لە هەژارییەکی گەورەدا دەژیان.: ماڵباتی ئەنفالەکان هیچ پشتیوانی و چاکسازی هاوكارییەکیان وەرنەگرت. دواتر وەزارەتی
شەهیدان و ئەنفالکراوان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی ئەو قوربانیانەیان لە ئەستۆ گرت. بێ هاوژین و دایکانی بەساڵاچوو لە ئەنجامی ئەو ڕوداوانهی، کە لە کاتی شاڵاوی ئەنفالدا بە چاوی خۆیان بینیویانە، تووشی کێشەی دەروونی توند و ئاڵۆز دەبن. سەرەڕای ههموو ئەمانهش ئەنفال کۆتا جهور و ستەمی بەعسی دژ بە کورد نەبوو. شوێنهوار خۆی لەسەر کۆمەڵگای کوردی بەجێهێشت و کورد جارێکی تر لە دژی سیاسەتی زۆرەملێی بەعەرەبکردن ڕاپەڕی، بەڵام به بێ ئەوەی بتوانێت خۆڕاگری خۆی یەکبخات.
ڕژێمی دیکتاتۆریی ناسیۆنالیستی بەعس توانی بە وێرانکردنی(١٦٥٠) گوند پێش شاڵاوی ئەنفال و دوو هەزار و ٦٠٠ گوند لهكاتی شاڵاوهكهدا لە وێرانكردن و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی کشتوکاڵی کۆمەڵگای کوردی سهركهوتوو بوو. هەروەها ڕژیم لەوابهسته كردنی کورد بە دەوڵەت پاسیڤ كردنیان
سەرکەوتوو بوو. کاتێک ڕژێمی سەدام کوردی بە زۆر بۆ ناوەندەکانی شار ئاوارە کرد، ئامانجی ئەوە بوو ڕێگری بکات لە بەرهەمهێنانی خۆراکی خۆیان و ناچاریان بکات پشت بە حکومەت ببەستن. بە ئاوارەکردنی جووتیارانی کورد بۆ شارەکان، شارەزاییە بەرچاوەکانیان لە بواری کشتوکاڵدا نەما. بەم شێوەیە ئەم کوردانە یادەوەری بەکۆمەڵ و خۆبژێوی و ڕۆحی کوردایهتییان لەدەستدا_تاوانێک، کە بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕوونی ژینۆساید پێکدەهێنێت. بەداخەوە ئێستا نەوەی نوێ، ژیانی گوندنشینی ترادسیۆنی کورد بە دواکەوتوو دهزانێت و لێی دهڕوانێت. بێگومان ئەمە پرۆسەیەکی ورد و سیستماتیکی ڕەگ هەڵکێشانە. ڕژێمی سەدام ئاواتەخوازی شتێکی زۆر دوور لە ژینۆساید بوو، هەوڵیدا کورد بە تەواوی لە دەوڵەتی عێراقدا بسڕێتەوە: "تەنها یەک ڕێگا لە نێوان کەرکوک و سنووری
تورکیادا دەبێت، و هیچی تر".
ڕژێمی سەدام لە ئەنجامدانی ژینۆساید دژی کورد سەرکەوتوو بوو، بەڵام نەیتوانی نەتەوەی کورد ڕیشهكێش و بنەبڕ بکات.
سەرچاوەکانی توێژینەوە:
1- محمد رفعت الإمام إباده الجنس البشری 1946-1948م، القاهره، 2007م.
2- دلشاد مراد أیدیولوجیا الإباده العرقیه فی الشرق اڵاوسط، دار نفرتیتی، القاهره 2019.
3- جیرارد جالیانه المأساه الكردیه، ترجمه: عبد السلام النقشبندی، بیروت.
4- كریستینا كویفین الكرد أمه الإبادات الجماعیه، القاهره، 2017م.
5- بكر صدیق عارف حلبجه فی مواجهه سموم الموت.
6- فاتح محمد سلیمان عملیات اڵانفال فی كردستان العراق كردستان العراق 2010
7- فاتح محمد سلیمان عملیات اڵانفال واثارها علی الشباب، دراسه اجتماعیه نفسیه میدانیه، إقلیم كردستان العراق، 2010
8- نجم الدین فقی عبد الله الجریمه المنسیه حول اڵانفال وجرائم الإباده الجماعیه فی كردستان، السلیمانیه، 2012
