هەژماری فەرمی یانەی بەرشەلۆنە لە پلاتفۆرمی ئێكس نوێكردنەوەی گرێبەستی ڤۆیچێخ چێزنی تاوەكو ساڵی 2027 راگەیاند و گۆڵچییە 35 ساڵانەكە لەگەڵ تیپەكەی هانسی فلێك بەردەوام دەبێت.

چێزنی پۆڵەندی لە مانگی دەی ساڵی رابردوو وەك یاریزانێكی ئازاد پەیوەندی بە یانەكەی كەتەلۆنیاوە كرد و لە بڕیاری وازهێنانی لە یاریكردنی تۆپی پێ پاشگەزبووەوە و گەڕایەوە بۆ یاریكردن.

پاش گەڕانەوەشی لەگەڵ بەرشەلۆنە بەشداری لە 30 یارییكرد و لە 14 یاریی تۆڕی گۆڵەكەی بە خاوێنی هێشتەوە و 36 گۆڵیشی لێكرا، لەگەڵ یانەكەش سێ نازناوی بەدەستهێنا.

یانە ئیسپانییەكە لە گواستنەوەكانی هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵ خوان گارسیا واژۆ كرد و ئێستا خاوەنی چوار گۆڵچییە، بەڵام چاوەڕی دەكرێت تێر شتیگن و پینا ریزەكانی بەرشەلۆنە بەجێبهێڵن.