
ئەنجامەكانی یانەی هیلال لەم وەرزەدا بەراورد بە وەرزی رابردوو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی لەلایەن هاندەرانەوە رەخنەیەكی زۆریان ئاڕاستە بكرێت، میدیا سعودییەكانیش ئەم دۆخە بۆ چوار هۆكار دەگەڕێننەوە.
سەرچاوە سعودییەكان پێیان وایە، نەبوونی گۆڵكار هۆكاری سەرەكیی دابەزینی ئاستی هیلالە بە تایبەت دوای پێكانی میترۆڤیچ، هەرچەندە ماركۆس لیۆناردۆ ئاستێكی باش پێشكەش دەكات بەڵام نابێتە جێگرەوەی میترۆڤیچ.
باس لەوەش دەكەن، بە ڕوونی كاریگەری یارییە یەك لە دواییەكەكانی خول و جامی و پاڵەوانێتی ئاسیا دەركەوتووە، هەر بۆیە یاریزانە شین پۆشەكان بە دۆخێكی ڕوونی ماندوێتی جەستەیی و دابەزینی تەركیزدا تێدەپەڕن لە ئێستادا.
ئەوەشیان روونكردووەتەوە، ئاستی عەلی بلەیهی دابەزیوە و بەرگریكارە سعودییەكە دوای رەخنەی هاندەران لەسەر قسە و رەفتارە نەشیاوەكانی ئاستی راستەقینەی پێشكەش نەكردووە.
روونیشیان كردووەتەوە، هۆكاری كۆتایی بۆ خیسۆسی راهێنەر دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی سەرەڕای یارییە زۆرەكان ئامادە نییە پشوو بە هەندێك یاریزان بدات و زیاتر بە یەك پێكهاتە یاریی دەكات.