لە سەرەتادا، دی لا فوێنتی راهینەری ئیسپانیا ئاماژەی بەوەكرد، بەهرەی گەورەیان هەیە و ئەگەر بە كۆمەڵ یاری بكەن بێگومان بەهێزتریان دەكات.

دەشڵێت، ئێمە دەزانین كە هەڵبژاردەیەكی بەهێزین و یارییەكی باش ئەنجامدەدەین، هەروەها هەموو هەڵبژادە بەشداربووەكانی جامی نەتەوەكانی ئەوروپاش بە هەمان شێوەن.

باسی لەوەشكرد، لاپۆرت بارودۆخی باشە و ئامادەیە بۆ یاریكردن، بەڵام نایانەوێت مەترسی لەسەر دروستبكەن لە یارییەكەیان بەرامبەر كڕواتیا.

لە بەرامبەریشدا زڵاتكۆ دالیچی راهێنەری كڕواتیا دوپاتیكردەوە، كلیلی یارییەكەیان بەرامبەر ئیسپانیا كوالێتی یاریزانەكانە، دەبێت بە باشی دەستپێبكەن، ئەگەر چی یارییەكە قورسە، بەڵام دەیانەوێت باشترین ئاستی خۆیان پێشكەش بكەن.

روونیشیكردەوە، یاریزانی باشیان هەیە لە پێكهاتەی سەرەكی و لە یەدەگیشدا گەڕانەوەی هەندێك یاریزانیش كوالێتی و هێزی زیاتری پێبەخشیون.

وتیشی: گڤاردیۆل وەرزێكی سەرسوڕهێنەری لەگەڵ سیتی بەڕێكرد، یاریزانێكی گەنجە و نایابە و كاروانێكی سەرنجڕاكێشی لەبەردەمە، هەروەها توانی وەستاندنی هەموو یاریزانێكی هەیە و ئامادە دەبێت بۆ یارییەكەی ئیسپانیا.