رۆژنامەی زە سەنی بەڕیتانی بڵاویكردووەتەوە، خاوەنی یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی سوورە لەسەرئەوەی گرێبەست لەگەڵ رۆدریگۆی بەرازیلی و هێرشبەری یانەی ریاڵ مەدرید ئیمزابكات.

رۆژنامەكە رایگەیاندوە، كارگێڕی یانە ئینگلیزیەكە دڵنیان لەوەی كە ئەستێرە بەرازیلیەكە زۆرترین سوودی بۆ یانەكەیان دەبێت بەهۆی شێوازی یاریكردنەوە و دەتوانێت لە سەرجەم شوێنەكانی هێڵی هێرشبردندا یاریبكات.

ئاماژەی بەوەشداوە، یانە ئینگلیزیەكە بڕیاریانداوە دەستبەرداری داروی نونێزی هێرشبەری ئۆرۆگواییان ببن تا بڕی پارەی پێویست بۆ گواستنەوەی رۆدریگۆ ئامادەبكەن.

دواتر فابریزیۆ رۆمانۆ رایگەیاند، بابەتی چوونی رۆدریگۆ بۆ لیڤەرپوڵ بە هیچ شێوەیەك لەناو ریاڵ مەدرید باس نەكراوە و بیریشی لێنەكراوەتەوە چونكە ئەو یاریزانە بە یەكێك لە پایە گرنگەكانی یانەكەیان دەزانن هەرچەندە یاریزانەكە لە ماوەی رابردوودا هەستی بە دڵخۆشی نەكردووە لە یارییەكانی یانەكەیدا.