
لە قۆناغی كۆمەڵەكانی نەیشنز لیگ، هەڵبژاردەی بەلجیكا میوانداری فەڕەنسای كرد.
لە تایمی یەكەم، بەلجیكای خاوەن یاریگا سەرەتاییەكی باشی هەبوو، لە خولەكی 23ش تێلێمانس لێدانێكی سزای گۆڵ نەكرد، پاش ئەوە لە خولەكی 35 كۆلۆ موانی بە لێدانی سزا فەڕەنسای كردە خاوەن گۆڵی یەكەم، پێش كۆتایی تایمەكەش لە خولەكی سێی كاتی زیادكراو ئۆپێندا ئەنجامەكەی بۆ بەلجیكا یەكسانكردەوە.
لە تایمی دووەم، لە خولەكی 62 موانی دووەم گۆڵی خۆی و فەڕەنساییەكانی تۆماركرد، پاش ئەوەش سەرەڕای كرانە دەرەوەی چوامینی لە خولەكی 76 توانیان پارێزگاری لە ئەنجامەكە بكەن و بە دوو گۆل بەرامبەر بە گۆڵێك براوەبن.
لە یارییەكی تریشدا، هەڵبژاردەی ئیتاڵیا گۆڵبارانی ئیسرائیلی كرد و بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لێی بردەوە.
بەو ئەنجامانەش، خاڵەكانی ئیتاڵیا لە پلەی یەكەم بوون بە 10 خاڵ و فەڕەنساش بە نۆ خاڵ لە پلەی دووەم دێت، بەلجیكا و ئیسرائیلیش پلەكانی سێیەم وچوارەمیان گرتووە بە چوار خاڵ و سفر خاڵ.