
ڕافینیا ئەستێرەی بەڕازیلی یانەی بەرشەلۆنە لەم وەرزەدا لە چامپیۆنزلیگ بەردەوامە لە ئاستە سەرنجڕاكێشەكەی و ژمارەی گۆڵەكانی بۆ 11 گۆڵ بەرزكردەوە و بووە گۆڵكاری یانەكە لەو پاڵەوانێتییە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڵمەتی بەرشەلۆنە لە چامپیۆنزلیگ، ڕافینیا دەتوانێت ژمارەی پێوانەیی ئەفسانەی ئەرجەنتینی لیۆنێل مێسی بشكێنێت كە لە وەرزی 2011 بۆ 2012 تۆماریكردووە.
رۆژنامەكە ئاشكاریكردووە، رافینیا لەبەردەم هەلێكی مێژوویدایە، ئەگەر بتوانێت پێنج گۆڵی دیكە تۆماربكات لە چامپیۆنز لیگ ژمارە پێوانەییەكەی مێسی دەشكێنێت كە بە 15 گۆڵ زۆرترین گۆڵی بۆ بەرشەلۆنە كردووە لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە یەك وەرزدا.
ئەمە لە كاتێكدایە كریستیانۆ رۆناڵدۆ بە تۆماركردنی 17 گۆڵ، خاوەنی زۆرترین گۆڵە لە چامپیۆنز لیگ لە ماوەی یەك وەرزدا، ئەستێرە بەڕازیلیەكەش پێویستی بە تۆماركردنی 7 گۆڵی دیكەیە تا ئەو ژمارەیە تێپەڕێنێت.