
لە ماوەی ڕابردوو دیدیە دیشامپ، راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی فەرەنسا، چاوپێكەوتنێكی ئەنجامدا و تێیدا باسی لەوەكرد دوای مۆندیالی 2026 واز لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەكە دەهێنێت.
هەر لەو چاوپێكەوتنەدا لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە زەینەدین زێدان، دیشامپس بە ڕوونی وتی: زیزۆ كاندیدێكی زۆر باشە، سروشتییە ناوی وەك جێگرەوەی من بهێنرێت و ئەو بژاردەیەكی چاوەڕوانكراوە، بەڵام نازانم خۆی ئامادەیە ئەو كارە بكات یان نا.
لە ئێستاشدا رۆژنامەی لیكیپ نووسیویەتی، راهێنەرەكەی پێشووی ریاڵ مەدرید نەك هەر تەنیا حەزدەكات ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی كەڵەشێرەكان بەڵكو پلانی بۆ چوونە نێو هەڵبژاردەكە داڕشتووە و لە ئێستادا لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی فەڕەنسا كاردەكات و دەیەوێت هەموو شتێك بەپێی پلانی خۆی بروات و ئامادەكاری تەواو بكات بۆ ئەوەی شوێنی دیشامپ بگرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەم ڕۆژنامەیە، زیدان گرێبەستێك واژۆ دەكات كە كاتی بەسەرچوونی روون نابێت و هیچ رێگرییەك لە گرێبەستەكەدا نابێت و رێكەوتنیكی تەواو ئازادانە لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی فەڕەنسا دەكات.
ئەستێرەكەی پێشووی هەڵبژاردەی فەڕەنسا لەگەڵ كەڵەشێرەكان وەك یاریزان نازناوی جامی جیهانی 1998 و یۆرۆی 2000ی بەدەستهێناوە، چەند ساڵێكیشە هیوای ئەوەی هەیە ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەكە.