
سەدیق سەعید ڕواندزی
گەرچی ساڵانە وەزارەتی پەروەردە، لە ڕێگەی ساڵنامەیەكی خوێندنەوە، ڕێكارەكانی پرۆسەی خوێندن لە ڕووی ڕۆژانی دەوام، پشوو، كاتی تاقیكردنەوەكانی نیوەی وەرزەكان و كۆتایی وەرزەكان و بۆنە نەتەوەییەكان دیاری دەكات، بەڵام هیچ ساڵێك نییە، ساڵی خوێندن وەكو خۆی بە پێی ئەو ساڵنامەیەوە بەڕێوە بچێت، ئەویش لە سۆنگەی ئەو هەموو پشووە ناپێویستانەی بە هەر هۆكارێكەوە بێت، دێنە پێش كە بێگومان كاریگەریەتی نەرێنی دەكەنە سەر پرۆسەی پەروەردە. لەو سۆنگەیەوە، بە هۆی شەڕی نێوان ئەمەریكا و ئێران، وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاش، بڕیاری ڕاگرتن و هەڵپەساردنی خوێندنیان لە هەرێمدا، وەك ڕێكارێكی خۆپارێزیانەی توێژی قوتابییان و مامۆستایان، كە بێگومان ژیانی هەموو هاووڵاتییانی هەرێم لە پێشینەیە نەك منی مامۆستا بە تەنها، بەڵام ڕاگرتنی دەوامی قوتابخانەكان لە ڕاستیدا زۆر هەڵەیە و كاریگەریەتی نەرێنی دەكاتە سەر بەردەوامی و زنجیرەبوونی پرۆسەكە، لە ڕووی وەرزەكانی تەواوكاریی خوێندنەوە. هێشتا دۆخەكە ئاڵۆز نەبووە، ئاساییشی هەرێم نەكەوتۆتە مەترسییەوە، وێرای ئەمانەش لە كۆی وڵاتەكانی دیكەش كە لە ژێر ئەو مەترسییەدان، خوێندن نەوەستاوە، تەنانەت لە نێو وڵاتی ئێران كە ڕۆژانە سەدان بۆمبی بە سەر دا ئەبارێت، سەرەتای شەڕەكە خوێندن نەوەستا و هەفتەیەك دواتر، خوێندنی زانكۆكان وەستێنرا، كەواتا پێویست نەبوو لێرە بە پێش ڕووداوەكان بكەوین. هەڵبەتە بەشێكی زۆری قوتابییان، خوێندن بە ئەركێكی قورسی سەر شانیان دەزانن، بۆیە ئارەزوویانە بەردەوام پشوو بێت. ئەم بڕیارەش كورد وتەنی بە دەستی قوتابییان نییە، بەڵام بەدڵی ئەوانە. ئێمە كۆمەڵگەیەكین، لە هەموو وڵاتانی دیكەی دنیا پێویستیمان زیاتر بە پەروەردە و فێركردنە، ناشێ یەك ڕۆژیش بە فیرۆ بدەین لە پێگەیاندن و پەروەردەكردنی نەوەكانمان، دابڕانی قوتابیان لە خوێندن و بۆ ماوەیەكی دریژیش، جۆرە دابڕانێكی پەروەردەیی، هزریی و فێركاریی دروست دەكات و مێشكی قوتابیان وەك ئەوەی لێ دێت، ڤایرۆسێك لێی بدات و دەبێ ئەبدەیت بكرێتەوە كە ئەمەش كاتی دەوێت ! وەزارەتی پەروەردە، خۆی بەردەوام جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێ پڕۆگرامەكان تەواو بكرێن، بەڵام هەر خۆیان كار بەو ساڵنامەیەی خۆیان ناكەن و بڕیارەكانی خۆیان جێبەجێ ناكەن. لە بەر ئەوەی نزیكەی سی ساڵ دەبێت لە نێو پرۆسەی پەروەردەدام، ئیدی زۆر باش دەزانم كە دابڕانی قوتابییان لە خوێندن، چۆن دەبێتە هۆكاری نەمانی ئارەزووی خوێندن و كردەی فێربوون و تەواوكردنی پڕۆگرامەكان، كە دواتریش ڕەنگە لە بڕیارێكدا هەمووان وەك دەرچوو هەژمار بكرێن، وەك ئەوەی لەو ساڵەدا بینیمان كە ڤایرۆسی كۆرونا بڵاو بووەوە كە قوتابییان لەو ساڵەدا، بێ ئەوەی تەنانەت هەموو پیتەكانیشیان تەواو لە پۆلی یەكەم خوێندبێت، دەرچووێنران بۆ پۆلی دووەم، كە ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەرێنی لە سەر قۆناغی دواتر دروست كرد، چونكە ئەو بابەتانەی كە دەبوو لە پۆلی یەكەم بیانخوێنێت، نەیخوێندبوو. زۆر بەڕاشكاویی دەبێ ئەوە بڵێین، پشووەكانی خوێندن، ئەوانەی لە دەرەوەی پشووی فەرمین و ساڵانە دێنە پێش، زیانی گەورەیان لە پرۆسەی پەروەردە داوە، لە كاتێكدا ئێمە پێویستیمان بەوەیە، كاتەكان قەرز بكەین لە پێناو فێركردنی نەوەكانمان، ئەمە بەو مانایە نییە، گیانی قوتابیان لە پێشینە نەبێت، بەڵام گریمان ئەم شەڕە، دوو ساڵ بەردەوام بوو، ئایا دەكرێ دەرگای قوتابخانەكان هەر بە داخراوی بمێننەوە؟