بە ڕوونی

كاوە مەحموود

 

نامەوێ لەم وتارەدا باس لە پێناسەی فەلسەفە بكەم و، هەڵبەتە ئەم چەمكە، كە هەر لە سەرەتاوە لە لایەن گریكەكانەوە بە (خۆشەویستی ژیری) باسكراوە، بە درێژایی زیاتر لە دوو هەزار و پێنچسەد ساڵ لە سەرهەڵدانی، یەكێكە لە سەرچاوە گرنگەكانی هزری مرۆڤایەتی لە ڕێڕەو و ئاراستەی خۆیدا بۆ گەیشتن و لیًكدانەوەی مانا و ناوەڕۆكی جیهان و، لەم كاروانەشدا قوتابخانەی جیاواز لە پێناسەكردن و دەستنیشانكردنی ئەركی فەلسەفە و ڕۆڵی لە ژیانی كۆمەڵایەتی و هەڵوێستی ئەرینی و نەرێنی لە بوونی فەلسەفە لە میانەی یاسای ناكۆكی و ململانییەكان، كە خودی ئەم یاسایەش دەستەواژەیەكی فەلسەفییە، هاتۆتە كایەوە، بۆیە دەبینین فەیلەسۆفەكان شوێنی دیاری خۆیان  لە نێو بەشداربووان لە بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیری لە بواری هزر و هۆشمەندی مرۆڤایەتی و جیهانی زانست و هەڵوێست وەرگرتن لە دیاردە كۆمەڵایەتییەكانی ژیانی مرۆڤ و سروشت، هەبووە.

لێكدانەوەی مرۆڤ بۆ سەرجەم گۆڕانكارییەكان، كە بە درێژایی مێژوو ڕوویانداوە و دەستنیشانی شێوازی بەشداریبوونیان لەو گۆڕانكارییانە، بەشێك بووە لەو ئەركە، كە فەلسەفە بینیوێتی. ئەم بابەتە لە لێكدانەوەكان بۆ سروشت و پەرەسەندنەكان لە بواری سەرجەم زانست لەو بوارەدا دانبڕاوە. بەم جۆرە فەلسەفە توێژینەوەی واقیع و بابەتی بوون و، بەشێك لە ئاراستەبوونی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن وبەفراوان بینینی لە ژیان بووە.

ئاماژەكردن بە مێژووی فەلسەفە و پەرەسەندنی و ڕۆڵی لە ژیانی مرۆڤدا، ئەو ڕاستییە دەردەخات، كە فەلسەفە هونەری بیركردنەوە و هەوڵدان بۆ خوێندنەوەی واقیع و خستنەڕووی  پرسیارە ئاڵۆز و سەرەكییەكان بووە. 

لە ڕێگای فەلسەفەوە مێژوو خوێنراوەتەوە و دیاردەكان لە بازنەی خودی مێژووبوونیدا خوێنراوەتەوە و ئاماژە بە كارتێكردنی هۆكاری خودی و بابەتی لەسەر یەكتر كراوە و، هۆكاری درووستبوون و گۆرانكاری و گەشەسەندن و كۆتایهاتنی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و نەریتە ڕەوشتییەكان خراونەتە ڕوو.

ئەم كاروانەی مێژووی فەلسەفە لە چەمكی لۆجیك بە قوتابخانە جیاوازەكانییەوە و بیری عەقلانی دانەبڕاوە و، بەشێك لە پێداویستییە ڕووحی و مادییەكانی ژیانی مرۆڤایەتی بووە.

بەم جۆرە فەلسەفە وەك هونەری بیركردنەوە، ئەركێكی مەعریفی و لۆجیكی و ڕەوشتی و ئستاتیكی، وەك بەشێك لە پرۆسەی بنیاتنانی مرۆڤ  لە مێژوودا بینیەوە، جگە لە ئەركێكی ئێجگار گرنگ دیكە لە بواری درووستكردن و گەشەكردنی عەقلی ڕەخنەگرانە.

ئەگەر پێشتر و لە میانەی توێژینەوەی مێژووی مرۆڤایەتیدا، فەلسەفە وەك پێداویستییەك شوێنی خۆی و ئەركە بابەتییەكەی خۆی كردبێت، ئەوا ئەو پێداویستییە لە چوارچێوەی ڕابووردوو نامێنێتەوە و، ئەمڕۆ مرۆڤایەتی بۆ ئێستا و ئایندەی خۆی  پێویستی بە فەلسەفە هەیە.

پرسیارە ئاڵۆزەكان سەبارەت بە بوون و ژیان، كۆتایی نەهاتووە. دیاردە نوێكانی باری ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئاراستە ئابوورییەكان و كارتێكردنیان لەسەر ژیانی ئێستا و دوواڕۆژی مرۆڤایەتی، بەردەوام ئەگەر و گریمانەی نوێ دەخاتە ڕوو. ئەم ئەگەر و گریمانانەش لە دۆزینەوە زانستییە نوێكان لە بواری گەردوون و هۆشداری دەستكرد و جیهانگیری و وپەیوەندییان بە مرۆڤەوە، كۆتایی نەهاتووە.

ئەو كۆمەڵگایانەی پێویستییان بە گەشەسەندن و رزگاربوون و سەربەخۆیی و سەقامگیری و ئاشتی كۆمەڵایەتی هەیە، وەك گەلی كوردستان، پێویستی زیاتر بە فەلسەفە هەیە.

جگە لە تێكڕای ئەم بابەتانەی سەبارەت بە گرنگی و پێداویستی فەلەسەفە باسمان كرد، چەمك و دەستەواژە فەلسەفییەكان بواری نزیكبوونەوە و لەیەكتر تێگەیشتنی پێكهاتە مرۆییەكانی كۆمەڵگای جیاواز سەبارەت بە بابەتی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەش ئاسانتر دەكات.

لە خستنەڕووی تێكراِی ئەم گرنگە و پێداویستیبوونەی فەلەسەفە لە ژیانی ئیمەدا، فەلسەفە زێدەڕۆیی هزری نییە و، پێویستییەكی لۆكس نییە، كە مرۆڤایەتی بە گشتی و ئێمەش لە كوردستاندا خۆمانی لێ بێبەش كەین.

فەرامۆشكردنی فەلسەفە لە ژیان و خوێندندا، فەرامۆشكردنی عەقڵە لە ڕەخنەگرتن و شێكردنەوە و تێگەیشتن.

لە ڕوانگەی گرنگی فەلسەفە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا، یۆنسكۆ لە ساڵی 2002  ڕۆژی جیهانی فەلسەفەی دەستنیشانكرد. مەبەست لەم هەنگاوە نێودەوڵەتییە هاندانی شیكردنەوە و توێژینەوە فەلسەفییەكانە، سەبارەت بە بابەتە هاوچەرخەكان، بە مەبەستی ڕووبەرووبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی سەردەم و، ئاڵوگۆڕكردنی كەلەپووری فەلسەفی بە جۆرێك پابەندبوونێكی نیشتمانی بۆ پشتگیریكردنی فەلسەفە ئەنجام بدرێت و، ڕای گشتی بە بابەتی گرنگی فەلسەفە و تێڕوانینی ڕەخنەگرانە بۆ نەوەی داهاتوو بە هاندانی خوێندنی فەلسەفە لە قۆناغە جیاوازەكانی خوێندن بەتایبەتی لە زانكۆكاندا، گۆشبكرێت.

لە چوارچێوەی ئەم تێكەیشتنە بۆ ئەرك و ڕۆڵی فەلسەفە بنەما سەرەكییەكانی ئاشتی جیهان و دیموكراسی  و مافی مرۆڤ  و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانی سەقامگیر دەبێت.

مامەڵەكردن لە گەڵ توێژینەوەكانی بواری فەلسەفە بە شێوەیكی مێژوویی دوور بووە لە تێڕوانین بۆ فەلسەفە لە سونگەی میكانیزمەكانی بازاڕی سەرمایەداری، كەچی زانكۆی سەلاحەدین ساڵی پار بڕیاری دا پۆلی یەكی بەشی فەلسەفە لە كۆلیجی ئاداب نەكاتەوە ، چونكە ژمارەی قوتابیانی داواكاری خوێندنی فەلسەفە كەم بووە و هۆكاری سەرەكیش ئەوەیە، كە دەرچووی فەلسەفە بواری كاركردنی نییە و بێكار دەبێت و، هەڵبەتەش ئەم بابەتە پەیوەندی بە سیاسەتی حكومەتەوە هەیە، كە خوێندنی بابەتێكی گرنگ وەك فەلسەفە بە میكانیزمەكانی بازاڕی سەرمایەداری دەبەستێتەوە.

خوێندنی بواری فەلسەفە بە گەڕانەوە و خوێندنەوەی زاتی كتێبە فەلسەفییەكان سەڕەڕای گرنگیبوونی، بە شێوەیكی میتۆدی ئەنجام نادرێت و، ئەم شێوازە شوێنی كۆلیجی تایبەت بە فەلسەفە ناگرێتەوە، تەنیا لەو حاڵەتانەدا نەبێت كە پێمان وابێت كوردستان پێویستی بە فەلسەفە نییە!

كاتێك ئەسكەندەری مەقدۆنی یۆنان جێدەهێڵی و بەرەو داگیركردنی وڵاتانی دیكە دەڕوات، هەواڵی پێدەگات، كە ئەرستۆی مامۆستای، كۆمەڵێك كتێبی سەبارەت بە فەلسەفە بڵاوكردۆتەوە و، بەم هۆیەوە زۆر لێی نیگەران دەبێت، كە زانیاری فەلسەفەی بۆ هەموو خەڵك بڵاوكردۆتەوە و گشتاندوویەتی و، دەبوایە تەنیا بۆ خۆی و تاقمی حوكمران بوایە. ئەرستۆ  لە وەڵامدا دەڵێت خەم مەخۆ تەنیا بە كتێب خەڵك فیری فەلسەفە نابێت ئەوانە فێر دەبن كە وانەم لا وەردەگرن.    

 

وتاری نووسەران