
د.فاتیمە موراد
کۆمەڵناسیى ژن بوارێکى گرنگى توێژینەوەیە، چونکە بەدواداچوون بۆ رۆڵ، ئەزموون، بەشدارییە کۆمەڵایەتییەکانى ژنان لەچوارچێوەى کۆمەڵگا و قۆناخە مێژوییە جیاوازەکاندا دەکات. تێگەیشتن لە پێگەى کۆمەڵایەتى ژنان بوارێکى بەپیتە بۆ شیکردنەوەى پەیوەندییە جێندەرییەکان و کاریگەرییان لەسەر پێکهاتەى خێزان، پڕۆسەى پەروەردە، سیاسەت، پێکهاتەى ئابورى خێزان، کولتور و گەشەسەندنى کۆمەڵایەتى.
لە کۆمەڵگا هاوچەرخەکاندا ژنان رۆڵى سەرەکى دەگێڕن لە گەشەى ئابورى، گەشەپێدانى کۆمەڵایەتى، بنیاتنانى ئاشتى و گۆڕانکارییەکاندا. سەرەڕاى ئەم پێشکەوتنانەش بەردەوام رووبەڕوى نایەکسانى، هەڵاواردن، توندوتیژى، دەرفەتى نایەکسان لە هەردوو بوارى گشتى و تایبەتدا، هەراسانکردن لەشوێنى کار و دام و دەزگاکان، دەبنەوە. بۆیە لێکۆڵینەوە بەشێوەیەکى زانستى لە توانایدا هەیە ئەم هۆکارە پێکهاتەیى و کولتوریانە دەستنیشان بکات کە نایەکسانى جێندەرى و پەراوێزخستنى ژنان دێننە کایەوە.
هەڵوێستى کۆمەڵایەتى بەرامبەر بە ژنان بەهۆى جیهانگیرى، مۆدێرنیزاسیۆن، پەروەردە، میدیا، پێشکەوتنى تێکنۆلۆژیاوە بەردەوام لە گۆڕاندایە. ئەم گۆڕانکارییانە دەرفەتى تازەیان بۆ ژنان رەخساندووە لەهەمان کاتدا تەحەداى کۆمەڵایەتى نوێیان دروستکردووە، شیکارکردنى کۆمەڵناسانە گرنگە بۆ ئەوەى روون ببێتەوە کە چۆن ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرییان لەسەر ناسنامەى ژنان و بەشدارییان لە ژیانى کۆمەڵایەتى، ئابوری، سیاسى، کولتور و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەناو کۆمەڵگادا هەیە.
جگە لەوەش ئەم لقە زانستییە یارمەتیدەرە لە داڕشتنى سیاسەت و ستراتیژییەکان کە یەکسانى جێندەرى و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى و مافى مرۆڤ و گەشەپێدانى بەردەوام بەرەوپێش دەبات. خوێندکارانى زانکۆ، توێژەران، دامەزراوە پەروەردەییەکان، رێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى و داڕێژەرانى سیاسەت و فەلسەفەى حوکمڕانى، دەتوانن زانیارى زانستیان لەسەر رەوشى ژنان دەست کەوێت بۆ باشترکردنى بارودۆخى کۆمەڵایەتى ژنان و زیادکردنى بەشدارییەکانیان لە پرۆسەى بڕیارداندا.
لەچوارچێوەى ئەو کۆمەڵگایانەى کە کاریگەرى ململانێکان، ناسەقامگیرى ئابورى، لێکەوتەکانى شەڕ، وەرچەرخانى کۆمەڵایەتییان لەسەرە بەتایبەتى کوردستان و بارودۆخە مێژوییەکەى، لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵناسى ژن هێندەیتر گرنگ دەبێت. چونکە ژنان لێکەوتەکانى شەڕ و ئاوارەیى و هەژارى و.....هتد جیاوازتر لە پیاوان ئەزموون دەکەن. لەهەمانکاتدا رۆڵى گرنگتریان دەکەوێتە سەرشان لە بنیاتنانەوەى کۆمەڵگا و پاراستنى توخمە سەرەکییەکانى کولتور و یەکگرتوویى کۆمەڵایەتى و پێشخستنى پرۆسەى ئاشتى. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە کۆمەڵناسى ژن وەک زانستێکى خاوەن بابەت و میتۆد لە بوارى زانست و ئەکادیمیدا گرنگە و تێگەیشتنێکى قوڵتر پێشکەش دەکات دەربارەى گۆڕانى کۆمەڵایەتى و گەشەسەندنى مرۆڤ.
ئەم لقە زانستییە ئامانجى ئەوەیە کە توێژینەوە لەسەر رۆڵ و پێگەى ژنان، ئەزموون و بەشداری کۆمەڵایەتییان لەناو کۆمەڵگادا بەگشتى و لەسەر ئاستى خێزان و تەنانەت لەسەر ئاستى تاکەکەسیش، بکات. هەوڵدەدات لەوە تێبگات کە چۆن دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان، بەها کولتورییەکان، ستریۆتایپەکان، داب و نەریتەکان، سیستمى ئابورى و پێکهاتە سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر ژیانى ژنان هەیە و پەیوەندییە جێندەرییەکان لە قالب دەدەن. لەهەمانکاتدا ئەم بوارە ئامانجیەتى بەدواداچوون بکات بۆ پرسەکانى وەکو جیاکارى، دادپەروەرى کۆمەڵایەتى، گۆڕانى رۆڵى ژن لە قۆناخە مێژوییە جیاوازەکان بەتایبەتى قۆناخەکانى پیشەسازى و تێکنۆلۆژیا.
