ڕۆژو بۆنەکان چیمان لێدەخوازن 

ڕوون و ئاشکرایە لە گشت جیهان ڕۆژو بۆنەی تایبەت بەچین و توێژەکان و بەهاو پیرۆزیەکانی نیشتمان هەیە . وەک نەریتێکیش ساڵان بەچالاکی جۆراوجۆر و ئاهەنگ و خۆپیشاندان و مەراسیم ئەم بۆنەویادانە بەرز ڕادەگیرین و لەزۆرینەی وڵاتانی جیهاندا یاد دەکرێنەوە . بۆنموونە ڕۆژی 8 مارس  وەکو ڕۆژی جیهانی ئافرەتان و23ی نیسان وەک ڕۆژی جیهانی کتێب و یەکی ئایار ڕۆژی پاڵپشتی کرێکاران وچەندین بۆنەیتری نەتەوەیی و نیشتیمانی لەهەر بۆنەیەکدا کە یادی دەکرێتەوە ئامانج لێی ئەوەیە کە ببێتە هاندەرێک بۆ تێکۆشانی مەیدانی لە پێناو بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەن کە ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسانێک گیانی خۆیان لە پێناویدا بەخت کردبێ . 

پاش چەند ڕۆژی تر و بەدیاریکراوی ڕۆژی یەکی ئایار دەچینە ناو بۆنەیەکی جیهانی کە ئەویش ڕۆژی جیهانی کرێکرانە . بەم بۆنەیەوە لە سەرتاسەری جیهان کرێکاران وەک چینێکی زیندوی نێو کۆمەڵگە بە چالاکی جۆراوجۆر ئەم یادە بەرز ڕادەگرن . 

چیرۆکی ئەم بۆنەیە 

سەرەتا لە ولایەتی شیکاگۆی ئەمریکا

لە ساڵی ( 1886) سەری هەڵدا کە کۆمەڵێک کرێکار بە شێوازێکی ئاشتیانە ڕژانە سەرشەقام بۆ کەمکردنەوەی سەعاتی کارکردن لە ڕۆژێکدا بۆ 8 سەعات. پۆلیسی ئەم ووڵاتە بۆ ڕێگری کردن لە فراوانی بونی خۆپیشاندانەکە بەچەک ڕووبەڕوویان بونەوە. سەرئەنجام بەیەک بۆمبی دەستی کەناو خۆپیشاندەران تەقێنرایەوە 12 کەس گیانیان لەدەستدا  

کە بەشێکیان لەوانە خودی پۆلیسەکان بوون .

لەم کاتەدا تا ئێستاش ئەم ڕۆژە بەڕۆژی جیهانی کرێکاران دەناسرێتەوە .

هەرێمی کوردستانیش وەک هەر ووڵاتێکی تر ساڵانە ئەم ڕۆژە بەچالاکی جۆراوجۆر یاد دەکرێتەوەو کۆمەڵێک یاداشت و داواکاری دەخرێنە بەردەم حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڵام بەداخەوە تا ئێستا کەمترین داخوازی کرێکاران جێ بەجێ نەکراوە. بەتایبەتی بیمەی بێکاری و قەرەبوو کردنەوەی ئەو کرێکارانەی کە لەسەرکاردا توشی ڕووداوی نەخوازراو بون و لەماڵ کەوتون . 

بۆیە بۆنەو یادەکان ئەگەر دۆخی چینەکان نەگۆڕن یادکردنەوەیان لە زەرورەتیەوە دەبێت بە نەریتێکی ساڵانە .

شاناز جەمیل

وتاری نووسەران