
نووسینی: شاخەوان خالید
جارێکی دیکە، باشوورى کوردستان بووەوە بە مەیدانی پێداڕشتنى ڕقێکی کوێرانە و بە ئامانج گرتنی خەڵکی سڤیل، درۆنەکانی ئێران و گرووپه چهكدارهكانى عێراق، ماڵی هاووڵاتیيانى سڤيل بهردهوام دهكهنه ئامانج. لە ئەنجامی ئەم پەلامارە ناڕەوایانەدا، هاووڵاتیيانى بێتاوان شەهید دهبن، ئەم پهلاماره دڕۆنييانه تەنها هێرشێکی سەربازی نییە، بەڵکو تاوانێکی نامرۆڤانەیە کە هیچ پاساوێکی ئەخلاقی و یاسایی هەڵناگرێت.
لەو کاتەوەی ئاگری جەنگی نێوان (ئەمریکا و ئیسرائیل) لەگەڵ ئێران هەڵگیرساوە و بگره پێش ئهو شهڕهش، هەرێمی کوردستان بووەتە قوربانیی سەرەکیی ئەم ململانێیانەى نێوان زلهێزان و ڕۆژانە شار و شارۆچکەکانمان بە درۆن و مووشەک بۆردومان دەکرێن. ئەوەی جێگای تێڕامان و ناڕەزایەتییە، بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی خەڵکی مەدەنی و دامەزراوە نیشتەجێبوونەکانە، کە بەپێی هەموو یاسا ناوخۆيى و نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی "تاوانی جەنگ"دا پۆلێن دەکرێت.
ئەو وەڵامەی کە کونسڵی ئێران لە سلێمانی (لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ٦ی نیسانی ٢٠٢٦) دایەوە، کاتێک وتی "لەژێر ناونیشانی بەرگریی ڕەوا ئەو کارە دەکەین"، دانپێدانانێکی ڕاشکاو و یاساییە بەوەی کە ئەوان لە پشتی ئەم خوێنڕشتنانەن. ناکرێت کوشتنی هاووڵاتییەک لە ناو ماڵەکەی خۆیدا بە "بەرگری" ناوزەند بکرێت.
لێرەدا پێویستە ئەم هەنگاوە سياسيى و جەماوەرییانە بگیرینە بەر:
١. ڕێکاری دیپلۆماسی: دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو دیپلۆماتە ئێرانییەی کە ڕەوایی بە کوشتنی خەڵکی سڤیل دەدات، بانگهێشت بکەن و یاداشتی ناڕەزایەتیی توندی پێ بدەن. تەنانەت پێویستە هەڵوێست تا ئاستی دەرکردنيان وەربگیرێت.
3. ڕۆڵی لايهنه سياسييهكان: کاتی ئەوە هاتووە حزب و لايهنه سياسيهكانى كوردستان ناكۆكييهكانيان وهلاوه بنێن هەڵوێست وەربگرين. بهيهكهوه پشت بهجهماوهر رووبهرووى ئهو ههڕهشه و هێرشانه ببينهوه.
4. ڕۆڵی پەرلەمان: کاتی ئەوە هاتووە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و وەک دەزگایەکی نیشتمانی هەڵوێست وەربگرێت و بهزووترين كات كابينهى نوێى حكومهتى كوردستان پێكبهێنرێت.
5. فشاری جەماوەری و رێكخراوهيى: پێویستە چالاکوانان و گرووپەکانی فشار ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و ڕێگری بکەن لەوەی باشوورى کوردستان بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی شەڕی وڵاتانی دیکە لهبهر ئهوهى ئێمه بهشێك نين لهو شهڕه نهگريسهى ناوچهكهى گرتۆتهوه.
ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو درۆن و مووشەکێک بەهێزترە و بە پشتیوانی خودا و ڕەوایەتیی دۆزەکەمان، خهبات و بهرخۆدان بهردهوام دهبێت بۆ بهدهستهێنانى مافهكانمان و پاراستنى گهل و خاكمان.
بهئامانج گرتنى هاوڵاتيان له رووى ياسا نێودهوڵهتييهكانهوه....
بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی سڤیل بە درۆن یان هەر چەکێکی دیکە، لە ڕووی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانەوە بە "تاوانی جەنگ" (War Crime) و پێشێلکارییەکی زەقی "یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی" (IHL) دادەنرێت.
لێرەدا گرنگترین ئەو بنەما و ڕێککەوتننامانه دەخەمە ڕوو کە ئەم جۆرە هێرشانە قەدەغە دەکەن:
١. بنەمای جیاکاری (Principle of Distinction):
. ئەمە بنەڕەتیترین یاسای جەنگە لە ڕێککەوتننامەکانی جنێف (١٩٤٩) و پاشکۆکانی ساڵی ١٩٧٧دا هاتووە. بەپێی ئەم یاسایە:
• دەبێت لە هەموو کاتێکدا جیاکاری بکرێت هاووڵاتیانی سڤیل نهخرێنه ناو ململانێكان.
• هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل و ناوچەی نیشتەجێبوون بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
• بە ئامانجگرتنی ماڵێک لە گوندێکی وەک (زەرگەزەوی) کە هیچ چالاکییەکی سەربازی لێ نییە، پێشێلکارییەکی ڕاستەوخۆی ئەم بنەمایەیە.
٢. ڕێککەوتننامەی چوارەمی جنێف (١٩٤٩)
ئەم ڕێککەوتننامەیە تایبەتە بە پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل لە کاتی جەنگ و ململانێکاندا. بەپێی ئەم دەقە:
• هەر جۆرە کوشتن، ئەشکەنجەدان یان ئازاردانی خەڵکی بێتاوان بە "پێشێلکاریی مەترسیدار" (Grave Breaches) دادەنرێت.
• كۆمهڵگهى نێودهولهتى بەرپرسیارن لە پاراستنی ژیانی مەدەنییەکان و هەر هێرشێکی درۆن کە ببێتە هۆی شەهیدبوونی هاوڵاتيانى سڤيل، بەپێی ئەم یاسایە تاوانە.
٣. پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆما (Rome Statute)
ئەمە ئەو یاسایەیە کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) لەسەر دامەزراوە. بەپێی ماددەی ٨ی ئەم پەیڕەوە:
• ئەو هێرشانەی بە ئەنقەست دەکرێنە سەر هاووڵاتیانی سڤیل کە بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە شەڕدا نییە، وەک تاوانی جەنگ دەناسرێن.
• بەکارهێنانی درۆن بۆ کوشتنی خەڵکی بێتاوان، ئەنجامدەرانی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی دەکاتەوە.
- نهمرى و سهربهرزى بۆ شههيدانى كوردستان و رووڕهشى بۆ دوژمنان و داگيركهرانى كوردستان.