سێزدە ساڵ تێپەڕی، بە سەر دانانی بەردی بناعەی ماڵی حوزنی، كە ماڵێكی ڕووناكبیریی و مێژووییە لە شاری ڕواندز . لەو كاتەوە تاكو ئێستا، بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە، هەر وەكو خۆیەتی و  بۆتە یادگاریی و هیچ كارێك لە پڕۆژەكە نەكراوە، لە كاتێكدا بە درێژایی ئەم ساڵانە، گەر ساڵانە بڕە بودجەیەكی كەمی بۆ داندرابا، ئەوا تا ئێستا تەواو دەكرا. گریمان حكومەت لە بەر قەیرانی دارایی و بودجەو بگرە كەمتەرخەمی خۆشییەوە پڕۆژەكە تەواو ناكات، ئەی بنەماڵەكەی؟ تۆ بڵێی بنەماڵەكەی توانای دارایی ئەوەیان نەبێت تەواوی بكەن؟ گومان دەكەم ! ئەی سەرمایەدارەكانی ڕواندز، كە هەیە هەڵپەی ئەوەیەتی لە ڕێزی پێشەوەی هەموو چاڵاكییەك دابنیشێت و ڕوحی بۆرژوایانەی خۆی دەربخات، بەڵام ئامادە نییە پڕۆژەیەكی ڕووناكبیری لە شارەكەی تەواو بكات، بە مەرجێك ڕەنگە تەنها داهاتی دە ڕۆژی   پڕۆژە سەرمایەكانی ئەو ماڵەكەی پێ تەواو بكرێت ! قسە لە سەر ئەوە نییە حوزنی چی بۆ ئەم شارە كردووە، چونكە مرۆڤ نابێ شتێك بڵێتەوە كە پێشتر سەدان جار گوتراوەو نووسراوە، بەڵكو قسە لە سەر ئەوەیە، بۆچی پڕۆژەكە تەواو نەكراوە. بە بڕوای من دەبوو خەمخۆران و ڕێكخەرانی دیداری حوزنی، كە هەموو ساڵێك بەو پەڕی پەرۆشی و خەمخۆرییەوە یادەكە دەكەنەوە و جێگەی پێزانین و نرخاندنە، بیكەنە مەرج كە یادی حوزنی لەو ماڵەدا بكرێتەوە. دەبوو لەدوای دانانی بەردی بناغەی ئەو پڕۆژەیە، هەر ئەو كات بڕیاری ئەوە درابا، كە ساڵی داهاتوو یادی حوزنی لێرەدا دەكرێتەوە،  ئەگەرنا هیچ ساڵێك یادی ناكەینەوە. مانەوەی ئەو پڕۆژەیە بەو شێوەیە، هەموو ڕۆژ جارێك حوزنی دەمرێنێت. من چی لە پەیكەرێكی بچووك بكەم، كە ڕۆژانە دەكەوێتە ژێر پێ و  گوڵە بەڕۆژەی لێ دەخورێت ! چی لە تاجە گوڵینە بكەم؟ چی لە یادكردنەوەیەك بكەم، بەرپرسان سنگی خۆیان تێدا دەرپەڕێنن ، كەچی نەزانن حوزنی كێیە و چی كردووە ! ئێمە لە بەرایی هەمووشیان خۆم، كەمتەرخەم بووینە لەوەی نەمانتوانیوە حكومەت ناچار بە تەواوكردنی پڕۆژەكە بكەین ، وەك چۆن هەر لەسەرەتاشەوە، ڕێگەمان بەوەدا، دەزگای زاری كرمانجی لە سۆران بكرێتەوە، لەكاتێكدا بەخشش و مێژووەكە هی ڕواندز بووە، بەو مانایەی حوزنی لە ڕواندز چاپخانەی داناوە و زاری كرمانجی دەركردووە، نەك لە سۆران كە ئەوكات هەر بوونیشی نەبووە! ئەمە بە مانای شارچییەتی نییە، بەڵكو بەمانای گێڕانەوەی مێژووە، بۆ ڕیشەی ڕاستەقینەی خۆی. لێرەوەش پێشنیار دەكەم، چیتر یادی حوزنی نەكرێتەوە، ئەگەر لەو ماڵە تەواو نەكراوەدا نەبێت ! 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا