
ئەبوكاروان
هەڵبژەردن یەكێكە لە میكانزم و بەهاو بنەما سەرەكییەكانی دیموكراسی، جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤیش جەخت لەسەر ئیرادەی گەلان لەم پرسەدا دەكاتەوە، كە بنەمایەكی گرنگی ڕێزگرتنە لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەكان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاك لەهەر وڵاتێكدا، یەكێكە لە كۆڵەكە جەوهەرییەكانی دیموكراسیەت.
لەگەڵ ئەوەشدا بەشداری هێزە سیاسیەكان، بەهێزكردنی فەزای دیموكراسی، سەروەری یاسا، گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی، ئەمانە پێكڕا بۆ پێشخستنی تەواوی كۆمەڵگا زۆر پێویستن. مافی بەشداریكردنی خەڵك لە ژیانی سیاسی و گشتیدا مەرجێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی ئیرادەی تاك و كۆ، هاوكات پەراوێزنەخستن و نەبوونی جیاكاری پێویستیەكی جەوهەریە و پێویستە بەهەند وەربگیرێت، ئەمە لەگەڵ چەندین لایەنی تر بەشداری سیاسی مانادار، دروست دەكات، بەڵام پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان پرسێك نییە لە چوارچێوەی پرنسیپی گەڕانەوە بێت بۆ شەرعیەتی ملی و كۆمەڵگە، هەڵبژاردن لێرە مەهزەلەیە بە مانای ووشە، كێشەكەش ئەوەیە، هەردووحیزبی دەسەڵاتدار بڕوایان پێ نییە، ئەوەتا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ جەوهەرو مەبەستی خۆیان مانیفێست دەكەن، بەتایبەت كاتێك دەبینن پرۆسەكە لەبەرژەوەندییان نابێت، یاخود ڕەنگە لە هەندێ لایەن و وڵاتەوە گفتی درۆیان پێ بدرێت بۆ تەزویرو ساختەكاری و پاشان دەستیان ببڕن .
هۆكاری بنەڕەتی ئەم بۆچونەم لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كەهەركات ئەم دوو حزبە بەرژەوەندیەكانیان كەوتبێتە مەترسیەوە، بەتایبەتی لە بابەتی هەڵبژاردندا ئەوە بەبیانوو و پاساوی جۆراوجۆر ڕێگریان لەئەنجامدانی هەڵبژاردن كردوە و دۆخەكەیان وەك خۆی هێشتنەوە. لە ئێستاو ڕابردوودا پرسی هەڵبژاردن بەدەستی خۆیانەوە بووە، هەركات ویستبێتیان بەشێوەیەكی مەتاتی ڕایانكێشاوەو ئیشیان لەسەر ئەنجامەكەی كردوە، رێك وەك پەیژە تەماشای هەڵبژاردن دەكەن، هەركاتێك لە رێگایەوە گەیشتن بە دەسەڵات ئیتر پەیژەكە بەجۆرێك تێك و پێك دەدەن كەسی تر نەتوانێت پێیدا سەركەوێت، بۆ ئەمەش نموونە زۆرن، بەڵگەی زۆرمان لە بەردەستدایە كە ئەم دوو حزبە، پارتی و یەكێتی لە ساڵی ١٩٩٢ وە تا ئێستا چۆن چونەتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و چۆن بەپێی خواستی خۆیان كاریان لەسەر كردوە و چۆن ئەنجامەكانیان دەستكاری كردوە، بەمەش دەگەینە ئەو ڕاستیەی لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا دەنگێكی زۆری حیزب و لایەنەكانی تریان سووتاندوە، لەبەرانبەریشدا ڕێژەیەكی زۆری دەنگی خۆیان بە ساختەكاری زیاد كردوە، دواتریش هەربەپێی ئەو دەرئەنجانە مامەڵەیان لە گەل حیزب و لایەنەكانی تر كردوە.
پارتی و یەكێتی بەپلەی یەكەم سەرچۆپیكێشی ئەم ئاراستە خراپانە بوون، دواتریش لەدروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەڵمەتەكە زیادی كردو ئاراستەیەكی تری وەرگرت .
بۆیە ئەو سیاسەت و نەهجە چەوتەی لە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردن پەیرەو دەكرێت، ئەنجامەكەی پتر لاوازكردنی پرۆسەی دیموكراتیەت و لەگۆڕنانی ئومێدی دەستاودەستكردنی دەسەڵاتە.
شوڕبونەوەی دەستی حیزب بۆ ناو سەرجەم كایەكانی كۆمەڵگاو حوكمڕانی، ڕێگریكردن لە بەدامەزراوییكردنی دەزگاكانی دەوڵەت، بوونی هێزیكی چەكداری ئاشكرای هەر دوو حیزب كە بە ڕاستەو خۆ و ناڕاستەوخۆ كۆنترۆڵی بەڕێوەبردنی سیستەم ودەزگاكانیان كردوە، ئەمانە بە هەموو پێوەرێك پێمان دەڵێت (حوكمڕانی قووڵ) دەسەڵات لەناو دەسەڵات، جێگەی دامەزراوە فەرمیەكانی گرتوەتەوە.
هەموو ئەمانەش لە بنەڕەتدا پێچەوانەی سیاسەت و مەنهەج و دروشمی حیزبی ئێمەیە وەك حیزبی شیوعی كوردستان، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار لە ژێر پاساوی نامەنتقیدا ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ كەوتوینەتە هەوڵدان بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی پەیوەندی لەگەڵ ئەو دووحیزبەدا، بەو ئامانجەی كێشەكان ئاڕاستەی مەترسیدار وەنەگرن و ئەزموونی كوردستان شكست نەهێنێت، كەچی لە ئەنجامدا ئێمەی خەمخۆر و دڵسۆز زیانمەند بووین و بەدەستی ئەو دوو حزبە و خراوینەتە چوارگۆشەی بچوكردنەوە و تەحجیم كردنەوە .
گەر ئەوان هیچ پەرۆش نەبن بۆ دۆخەكەو ئامادەبن هەموو كوردستان بەخاك و خەڵكەوە بكەنە قوربانی بەرژەوەندیەكانیان، ئیتر بۆ ئێمە باجی ئەم هەڵوێستانەمان بدەین؟ ئایا كاتی ئەوە نەهاتوە كە حیزبەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی بە شێوەیەكی واقعیانە بیربكەنەوە و سیاسەت دابڕێژن؟
لەم باودۆخەشدا و سەرەڕای ئەوەی كە تا ئێستا نازانرێ هەڵبژاردن دوادەكەوێ یان نا، كۆمەڵگایان توشی جۆرێك لە دەڵەڕاوكێ و نائومێدی كردوە و بوونەتە هۆكارێك بۆ ساردبوونەوەو ناڕەزایی خەڵك .
ئەوەی تاڕادەیەكی زۆر دیارە ئەگەری زۆری دواخستنیەتی، چونكە حزبەكانی دەسەڵات ناخوازن بچنە پرۆسەیەكەوە كە دڵنیان لەدۆڕاندنی. لە ئەگەری دواخستنیدا كە خواستی حیزبمان نییە، ئەو دەمە لە دەسەڵاتی ئێمەیدا نییە ، چونكە ئێمە بەردەوام دژی دریژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن بووینە و پێمان وایە فاكتەری كات و ئاڵۆزی دۆخی سیاسی ناوماڵی كوردستانی، خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەل و كیانەكە ناكات و دواخستنی لەوەزیاتری هەڵبژاردنیش كاریگەری نەرێنی و مەترسیداری لەسەر هەرێم دەبێت و ئەگەرەكان بە ئاراستەی خراپتر دەڕۆن.